بۆ پرسى مووچە شاندێکى هەرێم دەچێتە بەغدا
یەک هەفتە لەمەوپێش
ناوەرۆکى کۆبونەوەکەى ئەمرۆى نێوان حکومەت و نوێنەرانى کورد لەبەغدا بڵاوکراویەوە، داواکراوە حکومەت نوێنەرانی هەرێم لە بەغدا، بە شێوەیەکی هاوبەش کار بۆ دابینکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆران بکەن بۆ هەر دوازدە مانگەى ئەمساڵ، بڕیاریشدرا شاندێک بچێتە بەغدا، لەگەڵ سەرۆک وەزیران کۆببێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 1/11، بە سەرپەرشتيی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی خۆی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە بەغدا، بە بەشداريی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵ و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دا.
ماڵپەرى حکومەتى هەرێم، راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو باسى لەناوەرۆک و بریارەکانى کۆبنەوەکەى ئاشکراکردوە.
بەپێى راگەیەندراوەکە دوای گفتوگۆو ڕاگۆڕینەوە و تاووتوێکردنی بابەتەکان، کۆبوونەوە جەختی لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان و هاوهەڵوێستی و هاوئاهەنگیی پێویستی نێوان لایەنە کوردستانییەکان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ و ئەنجومەنی نوێنەران كردەوە لەپێناو بەدەستهێنانی تەواوی ماف و شایستەکانی هەرێم لە بەغدا لە چوارچێوەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ خەرجکردنی مووچە.
لە کۆبوونەوەدا بڕیار دراوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵ، بە شێوەیەکی هاوبەش کار بۆ دابینکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەر دوازدە مانگی ساڵی 2025 بکەن . بۆ ئەم مەبەستەش، بڕیاردرا شاندێک لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆببێتەوە و پەیامی هەرێمی کوردستانی پێ بگەیەنن کە پێویستە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستووری مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و بۆ ساڵی 2025 کێشەی مووچە چارەسەربکرێت.
هەروەها لەخاڵێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بریاردراوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دەبێ بەشدار بێت لە پرۆسەی پێداچوونەوە بە بەشی هەرێمی کوردستان لە خشتەی پێشنیارکراوی خەرجییەکانی مووچە و خەرجییەکانی بەکاربردن و پڕۆژەکانی بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان و خشتەکانی سەرجەم شایستەکانی ساڵی دارایی 2025 بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ ئامادە بکرێت، بە تایبەتی بۆ بەشی هەرێم و شایستەکانی و پلەی وەزیفی و میلاک بە گوێرەی دەستوور و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی.
خاڵى سێیەم و کۆتا بریارى کۆبوونەوەکەى ئەمرۆ ئەوەبووە لە ئێستاوە کار بکرێت لە یاسای بودجەی فیدراڵ ، بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجە دیاری بکرێت لە سەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بە پێی سەرژمێریی گشتیی ساڵی ڕابردوو و پێوەرە دەستووريیەکانی دادپەروەریی لە دەستنیشانکردنی بەشی هەرێم لە بودجە وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵیی ، دواتر بە پێی تایبمەتدنی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵی ، بۆ هەرێم بنێردرێت و لە چوارچێوەی بودجەی هەرێم دابەش بکرێتەوە.