داوا لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق دەکەین لەسەر رێگریەکەى کۆماندۆ بێنە دەنگ
2 ڕۆژ لەمەوپێش
یانەى نەورۆز لەسەر رێگریەکانى هێزى کۆماندۆ کە نەیانهێشتوە یارى تیپى لاوان بەرێوەبچێت، داواکار لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق و بەرپرسانی وەرزشی هەرێمی کوردستانە دەکەن، هەڵوێستی جدی و بەپەلەیان هەبێت تاوەکو رێگربن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارانە.
بڕیاربوو ئەمرۆ کاتژمێر 2:30ـى پاشنیوەڕۆ لە چوارچێوەى یارییەکانى خولى تۆپى پێى عێراق بۆ ئاستى خوار تەمەن 21 ساڵ، تیپی لاوانی یانەى نەورۆز لەگەڵ لاوانی یانەی پێشمەرگە یارى بکات، بەڵام لەلایەن هێزێکى کۆماندۆوە نەیانهێشت یاریەکە بەڕێوەبچێت.
یانەى وەرزشى نەورۆز، پەیامێکى بڵاوکردەوەو لەبەشێکیدا، ئەوە خراوەتە روو یانەی نەورۆز هەڵگری پەیامی ئاشتی و وەرزشە ئیدانەی هەرکارێکی قێزەون و دوور لە گیانی وەرزشی دەکەین.
یانەى ناوبراو رایدەگەیەنن، لەکاتێکدا وا بریار بوو ئێوارەی ئەمرۆ لەمیانی رکابەرییەکانی خولی تۆپی پێی یانەکانی عێراق بۆ ئاستی تەمەن خوار ٢١ ساڵ یانەکەمان بەرامبەر یانەی پێشمەرگەی هاوشارمان لە هەفتەی هەشتەمی خولەکە یاریی بکات، بەداخەوە لەلایەن هێزێکی کۆماندۆوە گەمارۆی یاریگای پێشمەرگە ناسراو بە یاریگای فەرماندەیی دەدرێت و لەپاش لێکۆڵینەوەو پشکنینی ئەندامانی تیپی یانەکەمان، پێیان رادەگەیەنن کە بۆیان نییە لەو یاریگایە یاریی بکەن و دەبێت ئەو شوێنە جێبهێڵن.
لەراگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، وەک یانەی وەرزشی نەورۆز سەرەرای ئیدانە کردنی ئەم رەفتارە قێزەونە، بۆ هەمووان رایدەگەیەنن کە کارو ئەرکی ئێمە هەڵگرتنی پەیامی ئاشتی و وەرزش و جوانکردنی ناوی شاری سلێمانی و دەوروبەرییەتی، بۆیە دووبارە ئەم کارە ئیدانە دەکەین و مایەی سەرسورمانە کە تەنانەت لە سەردەمی رژێمی گۆڕبەگۆڕی بەعسدا دەست بۆ ئەم جۆرە چالاکی و رکابەرییە وەرزشیانە نەدەبرا.!
یانەى نەورۆز دەڵێن: بۆیە داواکاریمان لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق و بەرپرسانی وەرزشی هەرێمی کوردستانە کە هەڵوێستی جدی و بەپەلە لەسەر ئەم رووداوە بگرنە بەر تاوەکو رێگربن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارانە.
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەى نەورۆزدا دەڵێن: جارێکی تر وەبیری یەکێتی تۆپی پێی عێراق دەخەینەوە کە ئەم کارە قێزەونە لەسەر ناوو نازناوی یەکێتییەکەیان دەکەوێت لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی جیهان (FIFA)ەوە، بۆیە پێویستە هەرچی زووە رێکاری توندو بەپەلە بگرنە بەر بۆ چارەسەرکردن و دووبارە نەبوونەوەی ئەمجۆرە رووداوە نەخوازراوانە.