هەژارترین سەرۆک لە جیهاندا خۆی بۆ دوا ماڵئاوایی ئامادەکردووە

ئەو سەرۆکە هەژارە دەڵێت جەنگاوەریش مافی پشوودانی هەیە.

11 كاتژمێر لەمەوپێش



زۆرینەی گەلانی جیهان خوازیارن سەرۆکەکەیان کەمترین سیفەتی سەرۆکە هەژارەکەی ئۆرۆگوای تێدابوایە.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

خۆسێ مۆخێکا کە ناسراوە بە هەژارترین سەرۆکی جیهان، لە ئێستادا نەخۆشی شێرپەنجە زۆری بۆ هێناوە و خۆی بۆ دوا ماڵئاوایی ئامادەدەکات، لە دوا چاوپێکەوتنیشی دەڵێت ماڵئاوایی لەگەلەکەم و لەو کەسانەش دەکەم کە لە جیهاندا منیان ناسیوە و پێی وایە جەنگاوەریش مافی پشوودانی هەیە، هاوکات وەسیەتیشی کردووە هەر لە تەنیشت سەگەکەی خۆی لەو گوندەی تێیدا دەژی بە خاکی بسپێرن.

جیاواز لە هەموو سەرۆکەکانی جیهان، وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئۆرۆگوای نەبووە هۆی خۆشگوزەرانی بۆ خۆسێ مۆخێکا و خێزان و کەسوکارەکەی، چونکە لە %٩٠ موچەکەی کە تەنها ٤ هەزار دۆلار بوو دەبەخشییە رێکخراوە خێرخوازییەکان و لە هیچ بانکێکیش هەژماری نەبووە، واتە ئەم سەرۆکە نە یەک دۆلاری دزیوە نە توانیویەتی تاکە دۆلارێکیش لە مووچەکەی پاشەکەوت بکات. لە ماوەی سەرۆکایەتیشی ڕەتیکردەوە لە ناو کۆشکی سەرۆکایەتی بژی و هەموو رۆژێکیش بە ئۆتۆمۆبیلەکەی خۆی کە جۆری فۆلکس واگنی مۆدێلی ١٩٨٧ ــە، بێ هیچ پاسەوانێک دەچووە دەوامی فەرمی خۆی و کاروباری سیاسی وڵاتی بەرێوەدەبرد.

ئەم سەرۆکە هەر زوو ناوی بە تەواوی جیهاندا بڵاوبوویەوە، زۆرێک لە گەلانی دونیا بە تایبەت وڵاتانی جیهانی سێیەم ئیرەییان بە گەلی ئۆرۆگوای دەبرد و دەیانگوت خۆزگە سەرۆکی ئێمەش کەمترین سیفەتی  خۆسێ مۆخێکا- ی تێدابوایە و زۆرتر لە بەرژەوەندی گەل کاری بکردایە و کەمتر داهاتی گشتی بۆ خۆی و خێزان و کەسوکاری بەکاربهێنایە.

زۆرێک لە سەرۆکەکان خەرجی خۆیان و ماڵ و مناڵیان هێندە زۆربووە، داهاتی گشتی وڵات لە توانایدا نییە ئەو بڕەپارە زۆرە دابینبکات، زۆر جار وارێکەوتووە سەرۆک ناچاربووە بۆ خەرجی خۆی و خێزانەکەی بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی فرۆشتووە یان بۆ بەدەستهێنانی پارەی زیاتر خیانەتی لە گەلی خۆی کردووە و بەژەوەندی میللەت و نەوەکانی داهاتووشی خستوەتە مەترسییەوە.

سەرۆکە هەژارەکەی ئۆرۆگوای ناوی چووە پاڵ ماهاتما گاندی و نێلسۆن ماندێلا و بووە پاڵەوانی چیرۆکێکی بێ کۆتایی کە نەوەکانی داهاتوو بە شانازییەوە باسی لێوە دەکەن و وانە لە بۆچوون و بیروراکانی وەردەگرن، پێچەوانەی ئەو سەرۆکانەی کە هەموو هەوڵێکیان بۆ خۆشگوزەرانی خۆیان و خێزانەکەیانە و بەردەوام بونەتە بار بەسەر داهاتی گشتی و سەروەت و سامانی وڵات و میللەتیان دوچاری چەندین قەیرانی ئابووری و سیاسی کردووە.

لە دوا دەرکەوتنیشی خۆسێ مۆخێکا دەڵێت: ئیتر چاوپێکەوتن لەگەڵ هیچ دەزگایەکی راگەیاندن ناکەم، وەک ئاماژەیەک کە بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە ماوەیەکی کەمی لە ژیاندا ماوە و پێی وایە ئیتر بەرگەی وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشییەکە ناگرێت و داواشی لە پزیشکەکانی کردووە با لەوە زیاتر دوچاری ئەزەیەت و ئازاری نەکەن لەپێناو شتێکی هیچدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار