مووچه‌ی مانگی 12 له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ونبووه‌!

هه‌ریه‌ك له‌ حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند خۆیان به‌ زه‌ره‌رمه‌ند ده‌زانن به‌ڵام زه‌ره‌رمه‌ندی راسته‌ق

12 كاتژمێر لەمەوپێش



هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای گشتیی بودجه‌ی عێراق و گرێكوێره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هێشتا نەکراوەتەوە!

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا، مافه‌كانیان ونبووه‌ و كه ‌داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ن ده‌لێن مووچه‌كانتان له‌به‌غدایه‌، كه‌ داواش له‌ به‌غدا ده‌كرێت، وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ده‌ڵێت كۆی مووچه‌ی ساڵی 2024ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی ناردووه‌، له‌م كه‌ینوبه‌ینه‌دا موچه‌ی مانگی 12ی ساڵی رابردووی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دیارنییه‌.

لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراقیش بۆ ده‌رخستنی راستییه‌كان لیژنه‌یه‌كی پێكهێناوه‌ بۆ بەدواداچوون و وردبینی شایسته‌ی دارایی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵانی 2024 و 2025، په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت ئه‌ركی ئه‌و لیژنه‌یه‌ وردبینیكردنه‌ له‌و ژمارانه‌ی له‌باره‌ی خه‌رجی پاره‌ی مووچەوە‌ له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێردا راگه‌یه‌ندراون.

هاوڵاتیانی هه‌رێمیش مێژوویه‌كی خراپیان له‌گه‌ڵ پێكهێنانی لیژنه‌ هه‌یه‌، بۆ هه‌رپرسێك كه‌ لیژنه‌ی بۆ پێكهێنرا، ئه‌وا راستی و مافه‌كان دیزه‌ به‌ده‌رخۆنه‌ ده‌كرێت و له‌بری ده‌رخستنی راستیه‌كان و ئاشكراكردنی بۆ رای گشتی، هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی ده‌درێت و كۆی كاره‌ نایاسایی و ناشه‌رعییه‌كان به‌ر‌گی یاسایی و شه‌رعییان به‌به‌ردا ده‌كرێت.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ دادگای فیدراڵی عێراق به‌ روونی بڕیاریداوه‌ كه‌ پێویسته‌ مووچه‌ به‌ده‌ربێت له‌ هه‌موو ناكۆكیه‌كان و له‌كاتی خۆیدا به‌ مووچه‌خۆران بدرێت، به‌ڵام تا ئێستا نه‌ حكومه‌تی عێراق و نه‌ حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ك پێویست پابه‌ندنه‌بوون و گرێكوێره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ساڵ به‌ ساڵ درێژه‌ ده‌كێشێ و بێ چاره‌سه‌ر ماوه‌ته‌وه‌.

له‌ساڵی 2024 وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بڕی 10ترلیۆن و 738 ملیار و 629 ملیۆن دیناری بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ناردووه‌، وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمیش ده‌ڵێت ئه‌و بڕه پاره‌یه‌‌ كه‌مه ‌و به‌شی مووچه‌ی مانگی 12ی فه‌رمانبه‌ران ناكات، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی داراییش له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت ده‌بوو به‌غدا بڕی 11 ترلیۆن و 576 ملیار و 521 ملیۆن دیناری به‌پێی بودجه‌ی ساڵی 2024 بۆ هه‌رێمی كوردستان بناردایه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ده‌ڵێت كۆی شایسته‌ داراییه‌كانی مووچه‌ی ساڵی 2024ی ناردووه‌ و حكومه‌تی هه‌رێم به‌پێی مانگه‌كان دابه‌شی نه‌كردووه‌، له‌م كه‌ینوبه‌ینه‌دا زه‌ره‌رمه‌ندی راسته‌قینه‌ مووچه‌خۆرانی هه‌رێمن كه‌ نازانن مافه‌كانیان لای كێیه‌ و ده‌بێت كاملایان به‌رپرسیارێتی دابینکردنی مافەکانیان هه‌ڵبگرن.

بۆ ساڵی 2025یش تا ئێستا به‌رچاورونی نییه‌ ئایا دۆخه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ یان چاره‌سه‌ری ریشه‌یی ده‌كرێت و كۆی ئه‌و پرسه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ هه‌مواری یاسای بودجه‌ی گشتی عێراقه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت ماده‌ی 11ی ئه‌و یاسایه‌ كه‌ باس له‌ خه‌رجی فیعلی ده‌كات و مووچه و قوتی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌پێی ئه‌و ماده‌یه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ خه‌رجی فیعلی عێراقه‌وه‌، واته‌ بوونی ده‌سته‌واژه‌یه‌ك له‌ یاسای بودجه‌دا جارێكی تر كێشه‌ بۆ خه‌رجكردنی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم دروستده‌كاته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوا ده‌كه‌ن ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ له‌ یاسای بودجه‌ی عێراق لاببرێت و خۆشیان نایشارنه‌وه‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ پێویستی به‌ رێكه‌وتنی سیاسی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ تا ئێستا ناكۆكی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له‌سه‌ر هه‌ژماری من و ته‌وتین یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌ و كارگه‌یشتوه‌ به‌وه‌ی مووچه‌خۆران به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌شبكات.

سه‌ره‌نجام مووچه‌ مافه‌ و حكومه‌ت له‌بری كارێك یان ئه‌ركێك ده‌یداته‌ مووچه‌خۆرانی خۆی، تا پێداویستییەکانی ژیانیان پێ دابین بکەن. هەر بۆیە نەدانی مووچە و به‌رده‌وامی ئه‌م كێشه‌یه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆی كایه‌ی ئابووری و بازرگانی هه‌رێم دروستدەکات‌ و پێویسته‌ چاره‌سه‌ری ریشه‌یی بۆ بدۆزرێته‌وه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار