دوای 10 ساڵ رێگری، بۆچی له‌ ئێستهادا توركیا ڕێگه‌ به‌ دیداری عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ده‌دات؟

ئایا توركیا جدییه‌ له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له‌و وڵاته‌دا؟

2 ڕۆژ لەمەوپێش



سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی پرسی چاره‌سه‌ری له‌ توركیا چ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ ڕووداوه‌كانی رۆژئاوای كوردستانەوە هه‌یه‌؟

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

دوای 10 ساڵ له‌ رێگری و كه‌نارگیریكردنی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان رێبه‌ری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان، حكومه‌تی توركیا رێگه‌ی به‌ شاندێكی پارتی یه‌كسانی و دیموكراتی گه‌لان (ده‌م پارتی)دا له‌ 28ی كانونی یه‌كه‌می 2024 دیداری ئۆجه‌لان بكات.

دوای ئه‌و دیداره‌‌ و وه‌رگرتنی په‌یامه‌كانی ئۆجه‌لان، شانده‌كه‌ كه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له سری سوره‌یا ئۆنده‌ر و په‌روین بوڵدان په‌رله‌مانتارانی ده‌م پارتی پێكهاتبوون،  ‌سه‌ردانی كۆی پارته‌ سیاسیه‌كانی توركیایان كرد و وه‌ك ده‌زگاكانی راگه‌یاندنیش باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن كۆی كۆبونه‌وه‌كانیان تا ئێستا ئه‌رێنی بوون.

زۆركه‌س پێیوایه‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ناونراوه‌ پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا، په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ روداوه‌كانی رۆژئاوای كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ توركیا هه‌موو تواناكانی خۆی و به‌كرێگیراوانی خستوه‌ته‌گه‌ڕ تا شكست به‌و ‌به‌شه‌ی كوردستان بهێنێت به‌ڵام نه‌یتوانییوه‌ ئامانجه‌كانی به‌ده‌ستبهێنێت، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی له‌ رۆژئاوای كوردستان بۆ كورد فه‌راهه‌مبووه‌ ئه‌نقه‌ره‌ی ناچاركردووه‌ ده‌ست به‌ گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان بكاته‌وه‌، پێشبینیش ده‌كرێت كۆی پرۆسه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ پشتیوانیه‌كانی رۆژئاوا و ئه‌مریكاوە هەبێت بۆ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات و توركیا چاوه‌رێ ده‌كات تا ده‌سه‌ڵات راده‌ستی دۆناڵد تره‌مپ ده‌كرێت له‌ ئه‌مریكا، ئه‌وكات هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان رونده‌بێته‌وه‌ ده‌رحه‌ق به‌ مانه‌وه‌ یان كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سووریا.

سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كوردیش له‌ توركیا، په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ ئاستی پابه‌ندبوونی ئه‌و وڵاته‌وە هه‌یه‌ به‌ بنه‌ماكانی دیموكراتی و كۆی ئازادییه‌كانەوە، به‌ڵام حكومه‌تی توركیا له‌وكاته‌وە كه‌ باسی پرۆسه‌ی ئاشتی ده‌كات له‌ هه‌مان كاتدا به‌رده‌وامه‌ له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و سه‌ركوتكردنی ئازادییه‌كان، ته‌نانه‌ت به‌رده‌وامه‌ له‌ زیندانیكردنی سه‌رۆك شاره‌وانییه‌ كورده‌كان و به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌كان.

به‌ جۆرێكی تر ئه‌م پرۆسه‌ی ئاشتییه‌ی توركیا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات به‌ ته‌كتیكی تر لێكده‌درێته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌و پیلانه‌ی باس له‌ چه‌كدانان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان ده‌كات.

لای خۆیه‌وه‌ ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی سه‌رۆكی مه‌هه‌په‌ به‌ ئاشكرا ده‌ڵێت دوای كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌می شاندی ده‌م پارتی له‌ ئیمراڵی؛ ده‌بێت به‌بێ هیچ مه‌رجێك په‌كه‌كه‌ وه‌كو رێكخراو نه‌مێنێت.

هاوكات تونجه‌ر باكرهان هاوسه‌رۆكی ده‌م پارتی ده‌ڵێت: ئۆجه‌لان له‌ په‌یامه‌كانیدا رایگه‌یاندوه‌ ئه‌و هێزی بنیاتنانی ئاشتیی هه‌یه‌، ئیتر نۆره‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد بنێت.

روداوه‌كانی ناوخۆی توركیا و هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و وڵاته‌ش له‌ رۆژئاوای كوردستان هه‌رگیز ناتوانێت بڕوا به‌ هیچ كه‌سێك بهێنێت كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ به‌ جدی پلانی ئاشتی هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت پرسی كورد له‌ توركیا به‌ شێوه‌ی دیموكراتی چاره‌سه‌ر بكات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار