ئایا پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە کۆتایی بە قەیرانی دارایی لە هەرێم دەهێنێت؟
دەگوترێت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم عێراق یەک ملیار دۆلار قازانج دەکات.
19 كاتژمێر لەمەوپێش
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم مانگانە ١٩٠ ملیۆن دۆلار بۆ پشکی هەرێم زیاددەکات، دەبێت حکومەتی هەرێم لە چیدا خەرجی بکات؟
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
دوای مشتومڕێکی زۆر، سەرئەنجام ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی گشتی عێراقی پەسەندکرد و لە داهاتوویەکی نزیکدا جارێکی تر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازارەکانی جیهان دەستپێدەکاتەوە.
دوای پەسەندکردنی هەمواری ئەو یاسایەش محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا دەڵێت پێویستە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق دەست بە جێبەجێکردنی هەموارەکە بکەن تا نەوتی هەرێم هەناردە بکرێتەوە.
شارەزایانی بواری داراییش دەڵێن لەم هەموارکردنەوەیەدا عێراق بڕی یەک ملیار دۆلار قازانج دەکات، کۆپانیاکانیش کە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم کاردەکەن چەند بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنن ئەوەندە ١٦ دۆلارییان پێدەدرێت، بە هەناردەکردنەوەی نەوتیش مانگانە ١٩٠ ملێۆن دۆلار بۆ پشکی هەرێم زیاددەکرێت.
لەم هەموارەدا هەموو لایەک قازانجی خۆی دیارە و بێ کەموزیاد پشکی خۆی وەردەگرێت و دەیخاتە باخەڵیەوە، تەنها دانیشتوانی هەرێمی کوردستان نەبێت کە هیچ بەرچاوروونیەک نییە ئایا هەناردەکردنەوەی نەوتەکەی کۆتایی بە قەیرانی دارایی و بێ مووچەیی دەهێنێت؟ یان هێندەی تر بارگرانی بۆ دروستدەکات و هێندەی تر کێشە و گیروگرفتەکانی زیاددەبن.
لە کۆبوونەوەکانی چەند رۆژی رابردووی نێوان شاندی باڵای هەرێم و بەغدا راستە شێوە رێکەوتنێک کراوە تا موچەی مانگی یەکی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بنێردرێت و وەزارەتی دارایی هەرێمیش دەست بە دابەشکردنی بکات، بەڵام بۆ مانگەکانی داهاتوو کێشەکە وەک خۆی ماوە و هیچ جۆرە رێکەوتنێک نەکراوە، بە واتایەکی تر لە مانگەکانی داهاتووشدا بێ مووچەیی هەر بەدەوام دەبێت و کەس ناتوانێت زامنی دابەشکردن یان دابەشنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکات، ئەوەش لە کاتێکدایە تا ئێستا مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو دابەش نەکراوە و هیچ کام لە حکومەتی هەرێم و بەغدا خۆیان ناکەن بە ساحێبی.
وەک پێشتر باسکرا هەریەک لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم سودمەندن و دۆلاری چاک دەخەنە باخەڵیانەوە، ئەوەی تا ئێستا نا ڕوون و نادیارە پێدانی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانە، کە ئایا ئەوانیش سودمەند دەبن یان هاوشێوەی ساڵانی رابردوو قەیرانەکە وەک خۆی دەمێنێ، یاخود روو لە ئاڵۆزی زیاتریش دەکات.
ناڕەزایی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمیش ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر و توندتر دەبێت، کارگەیشتووە بەو ئاستەی ژمارەیەک مامۆستا مان لە خواردن بگرن، ئەوەش بەو واتایە دێت کە شێوازی ناڕەزایی لە هەرێم پێیناوەتە قۆناغێکی نوێ کە سەرەتا بە بەیاننامە و دواتر گردبوونەوەی ناڕەزایی ئینجا بایکۆتی دەوام و خۆپیشاندان و ئێستاش گەیشتوەتە قۆناغی مانگرتن لە خواردن، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم تاکە هەنگاوێکی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە نەناوە و لەئەگەری بەردەوامبوونی ناڕەزاییتەکان بەم جۆرەی لە ئێستادا هەیە، دواجار کار دەگاتە ئاستێک کە گەڕانەوە لێی زۆر ئاستەم دەبێت و دەبێتە مایەی هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆ سەر شەرعییەت و داهاتووی کۆی دامەزراوەکانی حکومەت و دوور نییە گۆڕانکاری ریشەیی لە کۆی سیستمی حکومڕانی لە هەرێم بەدوای خۆیدا بهێنێت.