کۆمپانیای دانەگاز: لە 2024 دا 151 ملیۆن دۆلار قازانجمان کردووە
15 كاتژمێر لەمەوپێش
کۆمپانیای دانەگاز پووختەی رایگەیاند، 151 ملیۆن دۆلار قازانجیان کردووە.
دەشلێت کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی 'پێرڵ پێترۆڵیۆم' تەواوی پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆری لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووە و بڕی 67 ملیۆن دۆلار قەرزیان لای هەرێمی کوردستانە.
ئەمڕۆ هەینی، کۆمپانیای دانەگاز راپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی دارایی 2024 بڵاوکردەوە.
کۆمپانیاکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، بەراورد بە ساڵی 2023، ساڵی رابردوو داهاتییان 5٪ زیاتر بووە. لە ساڵی 2023 داهاتی کۆمپانیاکە 423 ملیۆن دۆلار بووە.
هەرچی لەبارەی پوختەی قازانجی کۆمپانیاکەشە، ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵی 2023 پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە کەمیکردووە. چونکە ساڵی رابردوو، پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە 151 ملیۆن دۆلار بووە و ساڵی 2023ـێش پوختەی قازانجی 160 ملیۆن دۆلار بووە. ئەوەش پەیوەندی بە کەمبوونەوەی پشکی کۆمپانیاکەوەیە لە میسر.
کۆمپانیاکە دەشڵێت: لە چوار مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو، بەراورد بە چوار مانگی کۆتایی ساڵی 2023 داهاتییان 64٪ زیادیکردوو.
کۆمپانیای دانەگاز لە کێڵگەی کۆرۆمۆر گازی سروشتی بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمی ڕۆژانەی دەگاتە 37 هەزار بەرمیل نەوتی هاوتا. بەرهەمەکەی لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ 3٪ زیادیکردووە.