مامۆستایان: تۆمەتەکانی پارتی و ڕاوێژکارە دابەستە کانیان ڕەتدەکەینەوە

18 كاتژمێر لەمەوپێش



هاوڵاتى

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، ڕایدەگەیەنن، چاوەڕوانین هاوڕێ مانگرتووەکانمان دوای (48) کاتژمێر لە نەخۆشخانە بە تەندروستییەکی باشەوە بگەڕێنەوە ناومان؛ ئەم ماوەش وەک مۆڵەتێک دەدەین بە دەسەڵاتی زۆنی سەوز؛ تا خۆی یەکلابکاتەوە لەنێوان (تەوتین) و (هەژماری من)؛ ئەگەرنا دوای ئەو ماوەیە سەرچاوەی داهاتەکانیان پەکدەخەین.

لە بەیاننامەیەکدا، ئەو ئەنجومەنە دەڵێن: بایکۆتی دەوام لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا؛ بڕیارێکی خۆڕسکانەی خودی مامۆستایانە.سەرلەبەری چەواشەکاری و تۆمەتەکانی پارتی دەسەڵاتداری هەولێر؛ لە ڕێی وەزارەتی ناوخۆ و پەیجە فەیک و سێبەر و ڕاوێژکارە دابەستە و نووسەرە دەربارەکانیان؛ ڕەتدەکەینەوە.

هاوکات ئەوەشدەخەنەڕوو، لە ئاییندەکانی نزیکدا؛ لە ڕێی ئامار و ڕاپۆرتی ورد و ڕاستەوە، تەواوی پێشلکارییەکانی دەسەڵات لە خۆپیشاندانەکەی دێگەڵە، ئاڕاستەی UN و کۆنگرێسی ئەمریکا و پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا دەکەن.

دەقى بەیاننامەکە..

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

مانگرتووانی خۆڕاگر و سەربەرز
مامۆستایان، فەرمانبەران، مووچەخۆران، ڕای گشتی
دەسەڵاتی تاڵانکار و چەواشەکار

سەبارەت بە خەباتی پیرۆزی مانگرتن؛ خۆپیشاندانە مێژووییەکەی دێگەڵە و چەواشەکارییەکانی دەسەڵاتی ترسنۆک و ملهوڕ؛ هەڵوێست و جووڵەی ئاییندەمان؛ بەباشمان زانی ئەم خاڵانەی خوارەوە، بخەینەڕوو:

هەڵوێست و خەباتی ئەو (13) خوشک و برا مانگرتووە خۆڕاگر و جوامێرەمان بەرزدەنرخێنین؛ کە  بۆماوەی (15) ڕۆژ مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرت؛ ئەم خەباتەش درێژکراوەی ئەو خەباتە مەدەنییە بوو؛ کە مامۆستایان و فەرمانبەران و دادخوازان؛ لەماوەی (10) ساڵی ڕابردوودا دژ بە ستەم و نادادی ئەنجامیانداوە.
ئێستا و پاش ڕازیبوون بەو هەموو داوا و فشار و ڕوولێنان و قورئانهێنانەڕووەی؛ تا کۆتایی بە مانگرتن بێنن، لەلایەن کەسوکار و هاوڕێ و دڵسۆزان و چین و توێژە جیاوازەکانی ئەم کۆمەڵگەیەوە.
ئێمە ڕێز و پێزانیمان بۆ بڕیارەکەیان و بەدەمەوەهاتنی داواکاری هەمووانەوە هەیە و بە سەرکەوتن و کارێکی گەورەی دەبینین.

لەپاڵ خەباتی مانگرتندا؛ پایەیەکی تری بەهێزی خەباتەکەمان؛ خەباتی 9ی شوباتی تێکشکانی خەندەق و بڤەبەندی دێگەڵە بوو؛ کە پێ بەپێ لەگەڵ مانگرتنەکەدا؛ هاوار و داوای ستەملێکراوانی بە ناوخۆ و جیهانی دەرەوە گەیاند؛ تا دەنگ و دۆزەکەمان لە چوارچێوەی زۆنێکدا قەتیس نەبێت؛ هەر ئەمەش وای کرد، ئەوەی بەتەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکان نەکرا؛ مامۆستایان و فەرمانبەران و ئازادیخوازان، لێبڕاوانە و قوربانیدەرانە ئەو تەلبەندە بەڕقکێشراوە شەلوپەت بکەن.

بایکۆتی دەوام؛ لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا؛ بڕیارێکی خۆڕسکانەی خودی مامۆستایانە و وابەستەنییە بە بە بڕیاری پێشوەختەی هیچ ئەنجومەن و دەستەیەک و مانگرتووانەوە؛ بۆیە ئێمە پاڵپشت و پشتیوانی هەر بڕیارێکین کە ئەوان دەیدەن.
سەرلەبەری چەواشەکاری و تۆمەتەکانی پارتی دەسەڵاتداری هەولێر؛ لە ڕێی وەزارەتی ناوخۆ و پەیجە فەیک و سێبەر و ڕاوێژکارە دابەستە و نووسەرە دەربارەکانیان؛ ڕەتدەکەینەوە، وەک هەمیشە سەلماندیان کەسانی خێڵەکی و نەخوێندەوار شیاوی دەوڵەتداری نین؛ ئەگەر ڕاستگۆن! فەرموون چی بەڵگەیەکی پێشێلکاری و تێوەگلانمان لەگەڵ هێزی دەرەکی و ئیقلیمی هەیە، بۆ ڕای گشتی بڵاوبکەنەوە.

لە ئاییندەکانی نزیکدا؛ لە ڕێی ئامار و ڕاپۆرتی ورد و ڕاستەوە، تەواوی پێشلکارییەکانی دەسەڵات لە خۆپیشاندانەکەی دێگەڵە، ئاڕاستەی UN و کۆنگرێسی ئەمریکا و پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا و ڕێکخراوە جیهانییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، سەرۆکایەتییەکانی (کۆمار، ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی نوێنەران، دەسەڵاتی دادوەری)ی عێراق دەکەین و بەڵگە و ڤیدیۆ و وێنەکانی لەگەڵدا هاوپێچ دەکەین.

چاوەڕوانین هاوڕێ مانگرتووەکانمان دوای (48) کاتژمێر لە نەخۆشخانە بە تەندروستییەکی باشەوە بگەڕێنەوە ناومان؛ ئەم ماوەش وەک مۆڵەتێک دەدەین بە دەسەڵاتی زۆنی سەوز؛ تا خۆی یەکلابکاتەوە لەنێوان (تەوتین) و (هەژماری من)؛ ئەگەرنا دوای ئەو ماوەیە و بەمنزیکانە دەست بۆ جوڵەیەک دەبەین، کە سەرچاوەی داهاتەکانیان پەکدەخەین.

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار