دەسەڵاتدارێتییەكی ستەمكار و ئۆپۆزسیۆنێكی مردۆخ

3 ڕۆژ لەمەوپێش



ـ ئەم حوكمڕانانە لەهەموو لایەكەوە دەست بۆ گیرفانی خەڵك دەبەن، بوونەتە شەریكی گیرفانی ئەم میللەتە
ـ خەڵك بۆتە كرێچیی ئەم حوكمڕانیە، مانگانە چی دەستدەكەوێت دەبێت بێداتە كۆمپانیاكان
ـ حوكمڕانان 9 قات نرخی كارەبایان زیادكردووە، كەچی یەك حزبی ئۆپۆزسیۆن دەنگی لێوەنەهاتووە
ـ ئەو ئۆپۆزسیۆنەی هەیە زۆربەی موچەخۆری مانگانەی دەسەڵاتە بۆیە دەسەڵات خراپتر دەكات

نوسینى: سەرتیپ جەوهەر

ئەوەی حوكمڕانان بەم حوكمڕانیە و خەڵكی كوردستانی دەكەن، لە مێژووی هیچ حوكمڕانیەك لەمێژوودا نەبووە! حكومەت و حوكمڕانیی بووە بە (دیل)ی دەستی كەمینەیەك كە لە تاریكیدا لە دەرەوەی قانون و لە ژوری بچوك و تاریكدا گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكاندا دەكەن گوایە بۆ چاككردنی خزمەتگوزارییە، وەك ئاو و كارەبا و نەخۆشخانە و پۆستە و تاپۆ و فەرمانگە دادییەكان و ..تد وایلێهاتووە هەموومان وەك كرێچی، مانگانە هەرچی دەستماندەكەوێت لە دەستی ئەو كۆمپانیا ملۆزمانەی بكەین كە حوكمڕانان لەژێر ناوی جیاوازەوە بەسەریاندا سەپاندوین.

 ئاخر لە كوێی دونیا هەبووە حكومەت لە ڕێی كۆمپانیاوە بە كونفەیەكونێك نرخی كارەبا 9 قات لەسەر هاوڵاتیانی زیادبكات، لە كوێی دونیا هەبووە حكومەت لە فەرمانگەی دادنوسیدا كۆمپانیایەك بەسەر هاوڵاتیاندا بسەپێنێت لەبری عەریزەیەكی تەنها 1 هەزار دیناریی 20 هەزار لە هاوڵاتیان وەرگرێت؟! رۆژانە بەناوی ژینگەوە لە چەندین شوێنی جیاواز لە حكومەت، پارە لە هاوڵاتیان وەربگیرێت و یەك دیناریش بۆ سندوقی چاككردنی ژینگە تەرخان نەكرێت؟! ئەی لە كوێ هەبووە حكومەت لە ئەنجومەنی وەزیران لە باتی وەزارەتی داد لەدەرەوەی یاسا گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا بكات بۆ تۆماری فەرمانگەكانی تاپۆ و ملیارەها دینار بدات بە كۆمپانیا؟ ئەی لێوەرگرتنی پارەی تابلۆ؟ ئەی زیادكردنی نادەستوریی رەسم و باج لەسەر هاوڵاتیان؟ ئەی كۆمپانیایەكیان هێناوە بەزۆر بڕی 55 هەزار دینار لە خەڵك وەردەگرێت گوایە مامەڵەكانیان بۆ دەگەیەننە ماڵەوە! ...تد

ئەم حوكمڕانیە بەئاراستەیەك هەنگاو دەنێت، هەناسەی بۆ خەڵك نەهێشتۆتەوە. لەلایەك هەرچی نەوت و سامانی ژێر زەوی هەیە رۆژانە بەبەرچاوی هەموومانەوە بە تانكەر بەڕێی قاچاخ دەیفرۆشن و كەس نازانێت داهاتەكەی چی بەسەردێت، لەلایەكی دیكە خەریكن هەموو سێكتەرەكانی خزمەتگوزاریی و پێداویستیە بنەڕەتیەكانی ژیان لەم هەرێمە رادەستی كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكان دەكەن و لە هەموو لایەكەوە دەست بۆ گیرفانی خەڵك دەبەن و بوونەتە شەریكی داهات و گیرفانی ئەم میللەتە هەشبەسەرە. ئەم تەجاوزەی حوكمڕانان بەسەر قانون مافی خەڵك لەخراپیی و مردۆخیی ئۆپۆزسیۆنەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەو پێشێلكارییەی دەسەڵاتداران بەسەر ماف و ژیانی خەڵكدا لە ئەنجامی نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی كارا و راستەقینەیە بەجۆرێك بتوانێت بەر لە كارە ناقانونیی و زیادەڕۆییەكانی حكومڕانان بگرێت. 

خراپی ئۆپۆزسیۆنە؛ دەسەڵات خراپتر دەكات. ئەو ئۆپۆزسیۆنەی هەیە (زۆربەی) یان ئەجێندایەكی روونی ئۆپۆزسیۆنبوونی راستەقینەی نییە تا ببێتە چاودێر بەسەر حوكمڕانییەوە، یاخود موچەخۆری مانگانەی دەسەڵاتە یاخود چاوەڕێی تەشكیلەی حكومەتە و ئەویش دەیەوێت دەستی لە لچكێكی حوكمڕانیی گیرببێت و بەشێك لەو شیرینیەی دەسەڵاتیی بەربكەوێت كە هەرچوار ساڵ وەك غەنیمە بەسەر لایەنە سیاسیەكاندا دابەشدەكرێت. كاتێكیش دێتە حكومەت، لەبری نمونەیەكی باش پێشكەش بكات، لە پارتی و یەكێتیی خراپتر دەكات! ئەو ئۆپۆزسیۆنەی هەیشە، رەنگدانەوەی دۆخی خراپیی حوكمڕانییە، بۆیە دەبینین حكومەت نرخی كارەبا 9 قات زیاد دەكات، كەچی یەك لایەنی ئۆپۆزسیۆن یان حزبێكی سیاسی نەك نایەتە شەقام و خۆپێشاندان ناكات، بەڵكو جورئەتی بەیاننامەیەكیشی نییە! بۆیە ئەم خەڵكە نازانێ روو لە كێ بكات؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار