بە ژمارە زانیاریی نوێ لەبارەى نرخى پێشنیازکراوى کارەباى 24 کاتژمێرى

4 ڕۆژ لەمەوپێش




بەپێى بەدواداچوونێکى ڕۆژنامەوانى زانیاریی نوێ لەبارەى نرخى پێشنیازکراوى کارەباى 24 کاتژمێرى ئاشکرادەکرێت کە بڕیارە ئەنجوومەنى وەزیران بڕیارى لێبدات.

بە گوێرەى بەدواداچوونەکان، نرخەکان بەم شێوەی خوارەوە پێشنیاز کراوە،

400 کیلۆواتى یەکەم، کە بۆ یەکەم جار بەکاردەهێنرێت، نرخەکەى لە نێوان 70 بۆ 80 دینار دەبێت، کە بۆ روونکردنەوەى زیاتر نرخى ناوەندى ئەو بڕە پارەیە (75 دینار) دەبێت.

هەروەها 400 کیلۆواتى دووەم، کە هاووڵاتیان بەکاریدەهێنن لەماوەى مانگێک، نرخەکەى لە نێوان 100 بۆ 120 دینار دەبێت و نرخى ناوەندى ئەوەش (110 دینار) هەژمارکراوە.

هاوکات لە 800 کیلۆوات بەرەو سەرەوە نرخەکان لە نێوان 120 بۆ 140 دینار دەبێت و نرخى ناوەندیش (130 دینار) ئەژمارکراوە بۆ هەر مانگێک، لە 1200 کیلۆواتیش بەرەو سەرەوە، نرخەکە لە نێوان 140 بۆ 160 دینار دەبێت، کە نرخە ناوەندییەکەى (150 دینار) دەبێت بۆ هەر مانگێک.

بە گوێرەى ئەو نرخانەى سەرەوە، ئەگەر ماڵێک 750 کیلۆوات بەکاربهێنێت لە مانگێکدا، ئەوا 400 کیلۆواتى یەکەم، کە بەکاریدەهێنێت، نرخەکەى (30 هەزار دینار) دەبێت، 350 کیلۆواتى دووەمیش نرخەکەى (38 هەزار و 500 دینار) دەبێت، بەم پێیە نرخى ئەو 750 کیلۆواتە دەبێتە 68 هەزار و 500 دینار لە مانگێکدا.

هەروەها ئەگەر ماڵێک 1000 کیلۆوات بەکاربهێنێت لە مانگێکدا، نرخى 400 کیلۆواتى یەکەم بە (30 هەزار دینار) ئەژمار دەکرێت، نرخى 400 کیلۆواتى دووەم (44 هەزار دینار) دەبێت و نرخى 200 کیلۆواتەکەى دیکەش (26 هەزار دینار) دەبێت، بەم پێیە کۆى نرخى ئەو 1000 کیلۆواتە دەبێتە 100 هەزار دینار لە مانگێکدا.

پرسیارەکە ئەوەیە بەگوێرەى ئەم نرخانە، ئەگەر هاووڵاتى کارەباى 24 کاتژمێری هەبێت لە مانگێکدا چەند پارەى کارەباى بۆ دێتەوە، بۆ ئەوەش پێویستە بزانین ئەو هاووڵاتییە لە مانگێکدا چەند کیلۆوات کارەبا بەکاردەهێنێت.

تائێستا داتایەکى فەرمى لە بەردەست نییە هەر ماڵێک لە هەرێمى کوردستان مانگانە چەند کیلۆوات کارەبا بەکاردەهێنێت، بەڵام بەرپرسانى کارەبا دەڵێن پێشبینى دەکەن بەکارهێنانى کارەبا لە پرۆژەى رووناکى لەنێوان 750 بۆ هەزار کیلۆوات بێت لە مانگێکدا، ئەمەش بەگوێرەى وەرزەکان دەگۆڕێت.

بە پشتبەستن بەو نرخەى پێشنیازکراوە و ئەگەر ناوەندى نرخەکان وەربگرین، دەردەكەوێت ئەو ماڵەى لە مانگێکدا 750 کیلۆوات کارەبا بەکاردەهێنێت 68 هەزار و 500 دینار پارەى کارەباى بۆ دێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار