ئەو فەرمانبەرانەى تۆمارن لە هەژماری من ئەمڕۆ مووچە وەردەگرن
24 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. بەڕێوەبەری بانکێک لە سلێمانی دەڵێت، پارە گەیشتووە و دابەشکردن بەردەوامە. فەرمانبەرانی سێ وەزارەتیش ئەمڕۆ مووچە وەردەگرن، کە ناویان لە خشتەی دابەشکردنی مووچەی ئەمڕۆدا نییە.
بە گوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 13-03-2025، مووچەی مانگی دووی خانەنشینی شارستانی، خاوەن پێداویستی تایبەت، زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی کیمیاباران دابەش دەکرێت.
بەڵام ئەمڕۆ بەرپرسێک لە تیمی (هەژماری من) ڕایگەیاند "ئەمڕۆ مووچەخۆرانی تۆمارکراو لە هەژماری من لە وەزارەتەکانی تەندروستی، خوێندنی باڵا و پەروەردە، دوای گەیشتنی نامەی ئاگادارکردنەوە بۆیان، دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن".
بە گوێرەی لیستی دابەشکردنی مووچە کە دوێنێ وەزارەتی دارایی بڵاوی کردەوە، کارمەندانی وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردە رۆژی 17ی ئادار و کارمەندانی وەزارەتی خوێندنی باڵا رۆژی 18ی ئادار نۆرەی وەرگرتنی مووچەیانە.
لە بەشێکی میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، بەهۆی قەرەباڵخییەوە ئاستەنگ بۆ دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی دروستبووە. لەوبارەیەوە شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی وتى "ئەمە دوورە لە راستییەوە، ئەمڕۆ خۆم بەسەر هەموو نووسینگەکانی دابەشكردنی مووچەدا گەڕاوم بەبێ کێشە دابەشکردنەکە بەڕێوە دەچێت".
بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی ئەوەشى خستەڕوو شەوی رابردوو پارە لە هەولێرەوە گەیشتە سلێمانی و وەرمانگرت، ئەمڕۆ دابەشکردن دەستپێکردووە و پارەی پێویستیش بەردەستە و پرۆسەکە بە هێمنی بەڕێوەدەچێت.
بە گوێرەی راگەیێندراوی 12ـی ئاداری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 18ـی ئەم مانگە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت.
دابەشكردنی مووچەی مانگی یەکی ئەم ساڵ، 5ی مانگی دوو دەستیپێکرد و 10ـی مانگ کۆتایی هات.
