هیچ وەزارەتێک لیستی موچەى مانگى سێى نەناردوە بۆ وەزارەتى دارایی

23 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت: تاوەکو ئەمڕۆ هیچ وەزارەتێک لیستی مووچەى مانگى سێى فەرمانبەرانى بۆ نەناردووین.
ئەمە لەکاتێکدایە، وەزارەتی دارایی هەوڵەکانی بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی سێ چڕکردوەتەوەو دەیەوێت هەفتەى داهاتوو بینێرێت بۆ بەغدا.
ڕۆژی 2025-03-12، بەغدا تەمویلی مووچەی مانگی دووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کرد، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دا، سەرجەم وەزارەتەکانی ڕاسپارد بەپەلە لیستی مووچەی مانگی سێ ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی بتوانرێت پێش جەژن دابەش بکرێت.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵیت: لە ڕۆژی یەکشەممە و دووشەممەی هەفتەی داهاتوو وەزارەتەکان لیستەکانمان بۆ دەنێرن، هەوڵدەدەین کە ڕۆژی چوارشەممە 2025-03-19، لیستی مووچەی مانگی سێ ببەینە بەغدا.
ئەو بڕە پارەیەی وەزارەتی دارایی عێراق وەک تەمویلی مووچەی مانگی دوو خستیە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڕی 957 ملیار و 925 ملیۆن و 880 هەزار و 78 دینارە، ئەمڕۆ پێنجشەممە دەست بە دابەشکردنی کرا.
بە گوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 13-03-2025، مووچەی مانگی دووی خانەنشینی شارستانی، خاوەن پێداویستی تایبەت، زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی کیمیاباران دابەش دەکرێت.
بە گوێرەی راگەیێندراوی 12ـی ئاداری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 18ـی ئەم مانگە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت.
دابەشكردنی مووچەی مانگی یەکی ئەم ساڵ، 5ی مانگی دوو دەستیپێکرد و 10ـی مانگ کۆتایی هات.
