نوخشە ناسیح وەک پارێزگاری هەڵەبجە دیاریکرا

20 كاتژمێر لەمەوپێش



 

سەرچاوەیەکى ئاگادار، ڕاگەیاند نوخشە ناسیح، قایمقامی ئێستای هەڵەبجە، وەکو پارێزگاری شارەکە بە وەکالەت دانراوە و کاروبارەکانی پارێزگا بەڕێوەدەبات.

دوای نزیکەی سێ مانگ لە خانەنشینبوونی پارێزگاری پێشووی هەڵەبجە، ئازاد تۆفیق، و جێگرەکەی، شاهێن حەمە ڕەزا، نوخشە ناسیح بووە یەکەمین ئافرەت لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا کە پۆستی پارێزگار بە وەکالەت وەردەگرێت.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری پێشووی هەڵەبجە و جێگرەکەی شاهێن حەمە ڕەزا بەهۆی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، کە تەمەنی خانەنشینی بۆ 60 ساڵ کەم کرایەوە، لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2024ـەوە خانەنشین بوون و دەسەڵاتی واژۆکردنی هیچ نووسراوێکیان نەما. 

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی پێنج شەممە 13ـی ئازاری 2025، ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی نوخشە ناسیح، قایمقامی ئێستای هەڵەبجە، وەک پارێزگاری نوێی هەڵەبجە بە وەکالەت دەربڕی.

لەو ماوەیەدا، وەزارەتی ناوخۆ ڕێگەی بە ئازاد تۆفیق دا لەسەر پۆستەکەی بەردەوام بێت هەتا پۆستی پارێزگار یەکلایی دەبێتەوە.

نوخشە ناسیح وەک پارێزگاری نوێی هەڵەبجە بە وەکالەت دانرا سەرەڕای کارەکەی خۆی وەک قایمقام، بەمەش بووە یەکەمین ئافرەت لە هەرێمی کوردستاندا کە پۆستی پارێزگار وەردەگرێت.

سێ کەس بۆ پڕکردنەوەی پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە خۆیان کاندید کردبوو، نوخشە ناسیح قایمقامی هەڵەبجە، شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری ئێستای سلێمانی و مهاباد کامیل سەرۆکی پێشووی زانکۆی هەڵەبجە.

نوخشە ناسح ئەحمەد لە دایکبووی ١٩٧٨، لە ٢٧ی ئازاری ٢٠١٦ بووەتە قایمقامی ھەڵەبجە.

نوخشە دەرچووی بەشی یاسایە، ئەو پێشتر لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٥، لە پۆستی بەڕێوبەری ناحیەی بیارەدا بووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار