وەزارەتی دارایی نەیتوانى ئەمرۆ لیستى مووچە ئامادە بکات

دوێنێ



 

سەرچاوەیەکى باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەوەى ئاشکراکرد، کاتژمێر 11ـى شەوی رابردوو سەرجەم گەنجینەکان لیستی مووچەی مانگی سێیان تەواوکرد و دەسبەجێ ناردوویانە، بەڵام تیمى وەزارەت فریا نەکەوتن ئەمڕۆ لیستی مووچە ئامادە بکەن.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، لە دەستپێکى دەوامى ئەمڕۆوە تیمێک لە بەڕێوەبەرایەتیی ژمێریاریی وەزارەت سەرقاڵی وردبینییە و تائێستا بەشێکی زۆری کارەکان تەواوکراون، چونکە لیستەکە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی تێدا نەکراوە و هەمان لیستی مانگی شوباتە، لە ماوەى یەک دوو رۆژی داهاتوودا ئامادە دەبێت و ڕەوانەى وەزارەتى دارایی فیدراڵى دەکرێت.

سەرچاوەکە وتیشى: لانیکەم 700 هەزار مووچە خۆر ناویان لەڕێی سیستمی پایڕۆڵ ئامادەکراوە و کەمتر لە 200 هەزار مووچەخۆر ماون ناویان تۆمار بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستیی تایبەت بە سیستمی کۆن لیستەکەیان ئامادە دەکرێت، ئەوانیش وردبینی بۆ دەکرێت و لە یەک دوورۆژی داهاتوودا ئامادە دەبێت.

سەرچاوە باڵاکە لە وەزارەتى دارایی دەڵێت، بۆ ئەم مانگەش تیمی تەکنیکی لیستەکە دەبەنە بەغداد، رەنگە بەغداد پێش جەژنى رەمەزان مووچە بنێرێت.
گوتیشی، کێشەى ئەوتۆ نییە ببێتە رێگر لەبەردەم ناردنى مووچە، تەنها گۆڕینی بەڕێوەبەری ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق هەیە، چونکە نازانین ئەم بەڕێوەبەرە نوێیە مامەڵەی لەگەڵ لیستی مووچەى هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت.

هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە بۆ ئەوەی پێش جەژنی ڕەمەزان مووچەی مانگی سێ دابەش بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە هەفتەی ڕابردووەوە سەرجەم وەزارەتەکان ڕاسپێردراون لیستی نوێی مووچە بەخێرایی ئامادە بکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار