شاندى دانوستانکارى پارتى و یەکێتى کۆدەبنەوە

19 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوەیەکى ئاگادار ڕاگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتى کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیى کوردستان لە هەولێر کۆدەبنەوە.
بەگوێرەى زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان گفتوگۆیان لە بارەوە دەکرێت.
ڕۆژى 16ـی ئازارى 2025 بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و مەسرور بارزانى، جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوە و جەختیان لەوەکردەوە، "لێکتێگەیشتنەکانیان ئەرێنییە و بەزووترین کات حکومەت پێکدەهێنن".
رۆژى 17ـی ئازار قوباد تاڵەبانى، رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان و مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتى کوردستان لێکتێگەیشتنی باش دروست بووە لەسەر پرسە گرنگەکانی پەیوەندیدار بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.
رۆژى 4ـی شوباتی 2025، پێنجەمین کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو و لە راگەیەندراوێکى هاوبەشدا رایانگەیاند، لێكتێگهيشتنى هاوبهش و رێككهوتنى سهرهتايى لهسهر زۆربهى تهوهرهكان هاتووهته ئاراوه و ئهنجامى كۆبوونهوهكان دهخرێته بهردهستى ليژنهى باڵاى دانوستانكارى ههردوولا بۆ پەسەندکردنی.
بەگوێرەى زانیارییەکان لە کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، رەشنووسی شێوازی حکومڕانیی هەرێمى کوردستان نووسراوەتەوە کە لە 17 لاپەڕە و 9 تەوەر پێکدێت.
لە پاش ئەنجامدانى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، دوو جار شاندى باڵای یەکێتى و پارتى لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە.
پارتى دیموکراتى کوردستان، 39 کورسى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستانى بەدەستهێناوە و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان 23 کورسى بەدەستهێناوە، هەردوولاش شاندى دانوستانکاریان پێکهێناوە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى دیکەش کۆبوونەتەوە.
