شاهۆى خالیدى خولەسور: ئەوەى ڕوویداوە شتێکى ئەوەندە گەورە نییە

17 كاتژمێر لەمەوپێش
کوڕێکى خالیدى خولەسور، سەبارەت بەگرژى و ئاڵۆزیەکانى کافتریاکەى سلێمانى دەڵێت: ئەوەى ڕوویداوە بەهێندەی ئەوە گەورە نییە کە سۆشیال میدیای ئامانجدار گەورەی کردووە و هەرزوو نزیکبووینەوە لە چارەسەری بابەتەکە.
دەشڵێت: هەر لە شەوی ڕووداوەکە کە کەسێک وەک تەقەکەر دەستنیشان کرابوو، ڕادەستی یاسا و لایەنە ئەمنییەکان کرا.
چەند شەوێک لەمەوبەر ژمارەیەک چەکدار بەجل و بەرگى سەربازیەوە چوونە سەر کافتریایەک لە گەڕەکى چوارچراى سلێمانى و تەقەیانکردوەو گرژى و ئاڵۆزیان دروستکردوە.
ئەوکەسەى کە تۆمەتبارى سەرەکى ڕوداوى تەقەکردنەکەیە زاناى خالیدى خولەسورەو دادگای لێكۆڵینهوهی سلێمانی بهپێی مادهی 405ی یاسای سزادانی عێراقی، فهرمانی دهستگیركردنی بۆ دهركردوە، بەڵام ئەو کەسە سلێمانی بەجێهێشتووەو بەرەو هەولێر هەڵهاتووە.
شاهۆ خالید سەرۆکى قەبیلەی غەوارەیەو براگەورەى زانایە، رونکردنەوەیەکى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا دەڵێت: ئەوەی ڕوویداوە بەهیچ شێوەیەک کارێکی پلان بۆ دانراو نەبووە و پێشینەی نەبووە، نە من و نە هیچ کەسێکی تر لە براکانم و خانەوادەکەم ئاگاداری نەبووین، بەڵکو هەڵچوونێکی کتوپڕی نێوان دوو کەس بووە.
لەبەشێکى دیکەى ڕونکردنەوەکەیدا دەڵێت: هەرچەندە لەم جۆرە شەڕ و دەمەقاڵەیانە ڕۆژانە لە شارەکانی کوردستان ڕوودەدات، کە ئێمە خوازیارین ڕوونەدات، بەڵام هیچیان بەقەد کێشەیەکی بچووکی ئێمە گەورە ناکرێت.
هەروەها شاهۆى خالیدى خولەسور ئەوەش دەخاتەڕوو ئێستا یەکلاییکردنەوەی ئەو دەمەقاڵەیەی ڕوویداوە لای یاسایە، ئێمەش بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی لە یاسا دەکەین و تاوەکو ئەوپەڕی هاوکار دەبین، هەر لە شەوی ڕووداوەکە کە کەسێک وەک تەقەکەر دەستنیشان کرابوو، ڕادەستی یاسا و لایەنە ئەمنییەکان کرا.
بەپێى زانیاریەکانى پەیامنێرى هاوڵاتى شەوى رابردوو هێزێکى ئەمنی چونەتە سەر ماڵى زانای خالیدی خولە سوور، تۆمەتیارى سەرەکى ڕوداوى تەقەکردنەکەى سەر کافتریاکەى سلێمانیە، بەڵام ئەو کەسە سلێمانی بەجێهێشتووەو بەرەو هەولێر هەڵهاتووە.
لەدواى ڕوداوەکە هێزە ئەمنیەکان بەوردى چاودێرى ماڵ و باخ و چەند شوێنێکیانکردوە، کە گومانیان هەبووە لەوشوێنانە بمێنێتەوە، بەڵام دواتر دەرکەوتوە لەسلێمانى نەماوەو دەستبەسەر باخ و شوقەکانیدا گیراوە.
هەر لەسەر ئەو ڕوداوە دگای لێكۆڵینهوهی سلێمانی بهپێی مادهی 405ی یاسای سزادانی عێراقی، فهرمانی دهستگیركردنی بۆ زانا خالید خولهسور كه پیشهی ئهفسهره، دهركرد.
