مەزڵوم عەبدى پەیامێکى بڵاوکردەوە

15 كاتژمێر لەمەوپێش
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) باس لە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت، سوورن لەسەر سەرخستنی ئەو کۆبوونەوە و گفتوگۆیانە.
ڕۆژی سێشەممە، 18ی ئایاری 2025، پەیەدە و ئەنەکەسە لە رۆژئاوای کوردستان بە سەرپەرشتی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش، مەزڵووم عەبدی رایگەیاند، ئەوجۆرە کۆبوونەوانە بەردەوام دەبن.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیوویەتی: "ئەمڕۆ هەردوولایەنی کوردی پەیەدە و ئەنەکەسە بۆ دیاریکردنی نەخشەڕێیەکی هاوبەش و یەکخستنی ریزیی کورد لە قۆناخی هەنووکەییدا کۆبوونەوە. هەڵوێست و بۆچوونی هەردوولا جێگەی خۆشحاڵی بوو."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت: "ئەمە هەنگاوی یەکەمی زنجیرە کۆبوونەوەکان بوو بۆ دروستکردنی یەکڕیزیی کوردی. بۆ هەبوونی سووریایەکی فرەڕەنگ و دیموکراسی کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا مسۆگەر بێت، ئێمە لەسەر ئەوە سوورین کە ئەم دیالۆگە سەربخەین."
پەیەدە باڵی سەربازیی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگەی هەیە کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هەسەدەیە.
چاوەڕێ دەکرێت دوای ئەم کۆبوونەوەیە، کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا زیاتر بەرەو یەک گوتاری و نزیکبوونەوە لە یەکدی بچن تاوەکو هەڵوێستی کورد بەرامبەر دیمەشق یەکگرتووتر بێت.
ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار کۆبوونەوەی پارتی یەکێتیی دیموکرات- پەیەدە و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا- ئەنەکەسە لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو.
چاوەڕێ دەکرێت پاش ئەم کۆبوونەوەیە، کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا زیاتر بەرەو یەک گوتاری و نزیکبوونەوە لە یەکدی بچن، تاوەکو هەڵوێستی کورد بەرامبەر دیمەشق یەکگرتوو بێت.
