سەدر بۆ هێزە چەکدارەکانى: عێراق هێرشى کرایەسەر چەک هەڵمەگرن

2 هەفتە لەمەوپێش
تەحسین حمێداوی، یاریدەدەری جیهادیی "سەرایای سەلام" باڵی سەربازی رەوتی سەدر رایگەیاند، رێنمایی لە موقتەدا سەدر، رابەری رەوتەكەوە بۆ سەرایا هاتووە، لەوانە هەڵنەگرتنی چەک لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و گەڕانەوە بۆ مەرجەعە ئاینی و داناكان، ئەگەر عێراق توشی دوژمنكاری دەرەکی بوو.
حمێداوی، ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەشداوە، لە نێو ئەو رێنماییانەدا داوای وازهێنان لە لێدوانی تائیفی كردووە، چونکە لێکەوتەی ترسناکی دەبێت و زیان بە عێراق و گەلەکەی دەگەیەنێت.
لە رێنماییەكانی سەدردا ئەوەش هاتووە، بەکارهێنان چەك و بەرزكردنەوەی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بە توندی قەدەغەیە، بەوپێیەی چارەنوسی نیشتمان و گەلەکەی لەلایەن تاک و گروپێکەوە دیاری ناکرێت.
وتوشیەتی: ئەگەر عێراق تووشی دوژمنكاری بوو، پێویستە بگەڕێنەوە بۆحەوزەو مەرجەعەكان و داناکان، نەگەڕێنەوە بۆ لای گەندەڵکاران و ستەمکاران.
رێنمایانەی سەدر لە کاتێکدایە، گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە سەریهەڵداوەتەوە، بەتایبەت دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی سەربازیی ئەمریکا لە دژی حوسییەکان لە یەمەن، هەروەها کۆتایی هێنان بە ئاگربەستی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و دەستپێکردنەوەی بۆردومانی قورسی کەرتی غەززە.
میدیا رۆژئاواییەکان لەم دواییانەدا هۆشدارییان دا لە تەشەنەسەندنی ململانێکانی ناوچەکە بۆ عێراق، بەتایبەتی دوای هۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێران سەبارەت بە پشتیوانیکردنی لە حوسییەکان.
