لەبەغدا وردبینیکردنی لیستی مووچەى مانگى سێ دەستیپێکرد

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتى

ئەندامێکى تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، وەزارەتى دارایی عێراق ئەمڕۆ دەستیکرد بە وردبینیی لیستی مووچەی مانگی سێی هەرێمی کوردستان.

دەڵێت، تیمێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق بە چڕی وردبینی بۆ لیستەکە دەکەن، دەیانەوێت لە نزیکترین کاتدا وردبینیەکە تەواوبکەن، دوای تەواوکردنی بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی وەزارەت بە وەکالەت پێداچوونەوەی بۆ دەکات و دواتر سەرەتای هەفتەی داهاتوو بۆ تەیف سامی، وەزیری دارایی دەنێرێت.

ئێستا تەیف سامى لە جنێفى سویسرایە، ئەو بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی بازرگانی و گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان چووەتە ئەو وڵاتە هەفتەى داهاتوو دەگەڕێتەوە بۆ دوامى وەزارەت.

ئەو ئەندامەی تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی، دەڵێت، ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەى دەرگاى وەزارەتى دارایی لیستى مووچەمان بردە وەزارەت و تیمی تەکنیکی وەزارەتى دارایی عێراقمان بینی، پێیان گوتووین لیستەکە کێشەی نەبێت بە ئەگەرێکی زۆر 25 یان 26 مانگ، کە دەکاتە هەفتەی داهاتوو، تەیف سامی تەمویلی مووچەی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی سێ دەکات، واتە سێشەممە و چوارشەممەى داهاتوو.

دوێنێ، بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان راگەیاند، ئەگەر کێشە بۆ لیستى مووچە دروست نەکرێت و بەغداد بینێرێت، دەمانەوێت پێش جەژنى رەمەزان مووچە دابەش بکەین.

لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە درابوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی رادەسپێرێت هەرچی زووە لیستی مووچەی مانگی ئادار ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی بۆ وەزارەتی دارایيی فیدراڵ بنێردرێت، بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی ئادار پێش پشووەکانی جەژنی رەمەزان.
12ـی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی شوباتی بڵاوکردەوە. 
رۆژی دواتر دەست بە دابەشکردنی مووچە کرا و یەکەم رۆژ مووچەی خانەنشینی شارستانی، خاوەن پێداویستی تایبەت، زیندانییانی سیاسی و بەرکەوتووانی کیمیایی دابەشکرا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار