حـ.ـەماس: دەرگای دانوستانمان دانەخستووە

2 هەفتە لەمەوپێش



بەرپرسێکی بزووتنەوەی حـ.ـەماس ڕۆژی چوارشەممە دووپاتی کردەوە کە بزووتنەوەکە دەرگای دانوستانەکانی دانەخستووە، سەرەڕای هێرشە توندوتیژەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ڕۆژی سێشەممەوە، داوای لە ناوبژیوانان کرد دەوڵەتی ئیسرائیل ناچار بکەن ڕێککەوتنی ئاگربەست جێبەجێ بکات.

سوپای ئیسرائیل داوا لە دانیشتوانی غەززە دەکات، باشور و باکوری شارەکە چۆڵ بکەن و وەک ناوچەی مەترسیداری شەڕ دایدەنێت، حەماسیش داوای گفتوگۆ و دانوستان و نێوەندگیریی دەکات.

تاهیر نونو، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندوە، "حەماس دەرگای دانوستانەکانی نەداخستووە، هەروەها پێویست بە ڕێککەوتنی نوێ ناکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ڕێککەوتنێک لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە واژۆ کراوە". 

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، "حەماس داوا لە ناوبژیوانان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، داگیرکەر ناچاربکەن دەستدرێژییەکانی ڕابگرن و ڕێککەوتنی ئاگربەست جێبەجێبکەن و قۆناغی دووەمیش دەستپێبکەن" لە ئاگربەستەکە کە لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو دەستیپێکردووە.

لە دووەم ڕۆژی دەستپێکردنەوەی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، فڕۆکە جەنگییەکان بەردەوام بوون لە هەڵکوتانە سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی غەززە. ئەم هەڵمەتانە بووە هۆی کوژرانی ٤٣٩ هاوڵاتی مەدەنی فەلەستینی و برینداربوونی سەدان کەس.

ئەفیخای درعای، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بانگەوازێکی بەپەلەی ئاڕاستەی دانیشتوانی غەززە کرد کە بەشی باکور و باشوری ناوچەکە چۆڵ بکەن و بەناوچەی شەڕ و روبەڕوبوونەوەی مەترسیدار لە قەڵەمی دەدات، ئەوەش دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر حەماس و غەززە.

لەلایەکی دیکەوە، دەسەڵاتی پەخشی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە ڕایگەیاندووە، ناکۆکی لەناو سوپادا هەیە سەبارەت بە ئەگەری هێرشی لەناکاو بۆ سەر غەززە، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرکەسێک پێی وایە "هێرشکردنە سەر غەززە دەبێتە هۆی نەرم و نیانتری حەماس، لەخەیاڵدا دەژى".

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکدا لەبارەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر کەرتی غەززە رایگەیاند، ئەو هێرشەی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە تەنیا سەرەتایە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەتی وڵاتەکەی لە 7 بەرەوە لە جەنگدایە و براوەیشە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی: "لەمەودوا دانوستاندنەکان تەنیا لەژێر ئاگردا بەڕێوەدەچن" و بزووتنەوەی حەماسیشی تۆمەتبار کرد بە هۆکاری ئەو دۆخەی نوێیە، بەوەی دەستپێشخەرییەکانی نوێنەری سەرۆکی ئەمریکای بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست رەتکردوونەتەوە. 
نەتەنیاهوو رایگەیاند: "هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام دەبن تاکو هەموو ئامانجەکانی جەنگ بەدەستدەهێنین کە بریتین لە لەنێوبردنی حەماس تاوەکو چیدیکە نەبێتە هەڕەشە، لەگەڵ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان."
 سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئازادکردنەکانی رابردوو ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە گوشاری سەربازی پێویستە تاوەکو سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکرێن".  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار