وەزارەتی تەندروستی غەززە: لە ماوەی 48 کاتژمێردا 970 کەس کوژراون

2 هەفتە لەمەوپێش
دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل بۆردومانەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە چڕکردەوە، وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ئەمڕۆ چوارشەممە ژمارەی کوژراوانی نوێی بڵاوکردەوە و تێیدا دەرکەوتووە لە ماوەی 48 کاتژمێردا 970 کەس کوژراون.
بەمەش ژمارەی کوژراوانی شەڕی غەززە، تا پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، گەیشتوەتە ٤٨ هەزار و ٥٧٧ کەس. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین، تا پاشنیوەڕۆی چوارشەممە، ژمارەی مردووان بۆ ٤٩ هەزار و ٥٤٧ کەس بەرزبووەتەوە.
هێزەکانی ئیسرائیل بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک بەردەوامن لە هەڵمەتەکانیان بۆ سەر کەرتی غەززە و لە ئەنجامدا دەیان کەس کوژراو و برینداری لێکەوتەوە لە هەڵمەتەکانیاندا کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەوە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززەیان کردە ئامانج.
لە کاتێکدا کە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی سنوورداریان لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە دەستپێکردووە، ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی میحوەری ناوەڕاستی نەتزەریمیان کۆنترۆڵکردووە.
لای خۆیەوە، خەلیل ئەلدەقران، وتەبێژی نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا بە ئەلعەرەبیە ئەلحەداسی ڕاگەیاند، ڕۆژی سێشەممە ژمارەی کوژراوان گەیشتە 440 کەس، لەگەڵ 680 بریندار، کە زۆرینەیان ژن و منداڵ و بەساڵاچوون، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو برینانەی گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکە لەڕادەبەدەر سەختن.
هەروەها باسی لەوەش کرد، تا ئێستاش ژمارەیەکی زۆر بریندار و کوژراو لەژێر داروپەردووەکاندان، بەهۆی بارودۆخی دژوارەوە ڕزگارکردنیان یان هێنانەوەی تەرمەکان ئەستەمە.
وێڕای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، دەرگای دانوستانی دانەخستووە و پێویستە قۆناغی دووەمی ئاگربەست دەستپێبکات.
تاهیر نونو راوێژکاری سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس، جەختیکردووەتەوە لەوەی کە پێویست بە رێککەوتنی نوێ ناکات، لەکاتێکدا رێککەوتنی ئاگربەست واژۆکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە وڵاتانی نێوەندگیر و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئیسرائیل ناچاربکەن هێرشەکانی رابگرێت و پابەندی رێککەوتی ئاگربەست بێت و قۆناغی دووەم دەستپێبکات.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوەکردووەتەوە، دانوستانەکان تەنها لەژێر ئاگردا بەردەوامدەبن و وڵاتەکەی گوشاری زیاتر دەخاتە سەر حەماس و درێژە بە هێرشەکانی دەدات تا ئەوکاتەی هەڕەشەی حەماس لەناودەچێت.
