وردەکاریی کوژرانی شەش ئەندامی خێزانەکەى گوندى گرێزەى سەیدسادق

2 هەفتە لەمەوپێش
شەوی ڕابردوو لەڕوداوێکى تەقەکردندا، شەش ئەندامی خێزانێک لە گوندی گرێزەی سەیدسادق بە گولـلە کوژران، بەپێى زانیاریە سەرەتاییەکان بە کڵاشینکۆف کوژراون و کوڕێکى ئەو خێزانە کارەکەى ئەنجامداوەو دواتر خۆشى کوشتووە.
ڕووداوەکە لەنێوان کاژێر 11:30 بۆ 12:00ی شەوی پێنجشەممە، 20-3-2025، روویداوە، ئەوانەی لە رووداوەکەدا کوژراون، دایک و باوک، دوو برا و دوو خوشک بوون. دواى ئەوەى تەرمەکانیان برانە پزیشکی دادی سلێمانی و دواتر لە زێدی خۆیان بە خاک ەسپێردران.
خزمێکی ئەو خێزانە دەڵێت "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، لەنێو خێزانەکەدا بووەتە شەڕ و ئەو کوشتارەی لێ کەوتووەتەوە، ئەوەی تائێستا دەیزانین ئەوەیە".
بەپێی گوتەی کەسوکاری خێزانەکە، کوڕێکی ئەو ماڵە کە لە ئەورووپا ژیاوە، دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، دەبێتە کێشەیان و خێزانەکەی دەکوژێت، پاشان خۆیشی دەکوژێت، رووداوەکە لەکاتێکدا روویداوە، کە باوکی خێزانەکە "نەخۆش بووە و نەشتەرگەریی دڵی بۆ کراوە و لە ماڵەوە لەسەر جێگە بووە."
لەبارەی ڕووداوی "کۆمەڵکوژییەکەی" گوندی گرێزەی سەیدسادق، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت بکوژەکە لەنێو ئەندامانی خێزانەکەدایە، کێشەیەکی بچووکی لەگەڵ باوکی هەبووە و دواتر ئەم رووداوە روویداوە.
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، وتى "بکوژەکە باری دەروونی تەواو نەبووە، لە رووداوەکە دەگوترا کە دەستی کەسانی دیکەی دەرەوەی خێزانەکە هەبێت، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەکان تەنیا پەیوەندیدار بووە بە خێزانەکەوە."
سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، کە "کامێراکانی چاودێریی ناوچەکە هەموو شتێکی تێدا تۆمار کراوە و تیمەکانی لێکۆڵینەوە دەستیان بەسەردا گرتووە."
لەبارەی تێوەگلانی کەسانی دیکە لە رووداوەکە، سەرکەوت ئەحمەد باسی لەوەکرد کە "هیچ کەسێک تاوەکو ئێستا بەهۆی رووداوەکە دەستگیرنەکراوە، لێکۆڵینەوە بەردەوامە و هەر کەس پەیوەندیدار بێت بەم بابەتە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت."
هەرچەندە هیچ بەڵگەیەک نییە کە بکوژەکە نەخۆشیی دەروونی هەبووبێت و گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: "پێویستە بەڵگەنامەی پزیشکی هەبن تاوەکو وەکو نەخۆشی دەروونی ئەو کەسە بناسێنرێت، بەڵام نەوەک بەڵگە بەڵکو هیچ شاهێدێکیش نییە کە ئەم کەسانە سەردانی پزیشکی دەروونی کردبێت."
"ئەو چەکەی تاوانەکەی پێکراوە، لە جۆری کڵاشینکۆڤ بووە، پۆلیس دەستی بەسەرداگرتووە، لەسەر شێوازی تەقەکردنەوە تەرمەکان رەوانەی دادپزیشکی کراون تاوەکو بزانرێت، کەسەکە چۆن تەقەی کردووە، دواتر چۆن خۆی کوشتووە." سەرکەوت ئەحمەد وای گوت.
بەشیر سالار ئەندامی ئەو خێزانەیە و چەند رۆژێکە لە ئەورووپا گەڕاوەتەوە، بە گوتەی پۆلیسی سلێمانی "ئەو کەسەیە کە تاوانەکەی ئەنجام داوە."
سەرکەوت ئەحمەد دەڵێت: "حاڵەتەکانی کۆمەڵکوژی لەم ساڵ دا یەکەمجارە لە سنووری پارێزگاکەمان تۆمار دەکرێت، بەڵام رووداوەکانی دیکەی کوشتن تۆمار کراون."
ئەو خێزانە 9 ئەندام بوون، سێ کەس ماونەتەوە کە دوو برا و خوشکێکن.
ئەو شایەتحاڵانەی کە سەرەتا چوونەتە شوێنی رووداوەکە دەڵێن "هەر شەش کەسەکە لە ژوورێکدا بوون، بەگوێرەی تەرمەکان دەردەکەوت کە منداڵەکان لە دەورووبەری دایکیان خۆیان شاردووەتەوە بۆ ئەوەی نەیانکوژێت."
"سەرۆکی خێزانەکە (باوکیان) سێ رۆژە نەشتەرگەریی دڵی بۆ کرابوو لە نەخۆشخانە هێنرابووە دەرەوە و لە کاتی رووداوەکە هەر لەسەر جێگەکەی خۆی کوشتوویەتی."
