کەشناسی: لەئەمڕۆوە شەپۆلی باران دەستپێدەکاتەوە

2 هەفتە لەمەوپێش
کەشناسیی پێشبینیدەکات لەمڕۆوە شەپۆلی بارانبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، گەرما نەمێنێت، هەروەها بەفربارین کوێستانەکان بگرێتەوە.
بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژانی نەورۆز، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاسمان هەور و نیمچەهەور دەبێت، لەگەڵ نمەباران لە تەواوی ناوچە سنووریەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان، لەناوچە بەرزەکان بەفریش دەبارێت.
دوای نیوەڕۆ دەگۆڕێت بۆ هەورەتریشقە و بروسکە لە سەنتەری سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئەگەری تۆزێکی سووک هەیە.
پلەکانی گەرما چوار تا شەش پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
هەروەها سبەی هەینی ئاسمان هەور و نیمچەهەور دەبێت، لەگەڵ دابارین لەزۆربەی ناوچەکانی پارێزگای دهۆک، لەگەڵ کەمێک بەفر لەناوچە شاخاوییە سنووریەکان.
کاریگەی شەپۆلەکە لەکاتەکانی دوانیوەڕۆدا درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، لە ناوچەکانی دیکەش بەشێوەى پچرپچر دەبارێت، پاشان کاریگەری لاوازدەبێت، بەڵام تەنها ناوچە شاخاوییەکان تا درەنگی شەو بەردەوام دەبێت، پلەکانی گەرماش دوو تا سێ پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە.
