پەیامی بارزانی لە ئامەد: هیوادارم بە زووترین کات ئـ.ـۆجەلان ئازاد بکرێت

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتى

لە ئاهەنگی نەورۆز لە ئامەد پەیامی مەسعود بارزانی خوێندرایەوە. لە پەیامەکەیدا پشتیوانی لە پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا دەکات و رایگەیاند: "هیوادارین لە کاتێکی نزیکدا بەڕێز عەبدوڵڵا ئـ.ـۆجەلان ئازاد بکرێت."
 
لە ئامەدی باکووری کوردستان دەیان هەزار هاوڵاتى گردبوونەتەوە و بەشدارن لە ئاهەنگی گەورەی جەژنی نەورۆز، هێزە ئەمنییەکان رێوشوێنی ئەمنییان گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی خەڵک لە کاتی ئاهەنگەکە. خەڵک و ئامادەبووانی ئاهەنگەکە دەڵێن، ئەم ساڵ ئاسانکاری کراوە و رێوشوێنەکان تووند نین. 

بارزانی ئاشتی "بە تاکە رێگەی راست و دروستی تێپەڕاندنی کێشەکان" دەزانێت. رایگەیاند: جەخت لە فەرهەنگی پێکەوەژیان و پەیامی ئاشتیخوازانە دەکەینەوە. 
 
هەروەها بارزانی باسی لە دۆخی رۆژئاوای کوردستانیش کرد و گوتی، "هیوادارم کوردانی سووریا لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی سووریا بگەنە رێککەوتن."

ئەمڕۆ نەورۆزی ئامەد لە پارکی نەورۆز لە ناوچەی باگلاری سەر بە ڕێزان پیرۆز و بە درووشمی ” ڕێبەرتی ئازاد، کۆمەڵگەی دیموکراتیک” و  بە بەشداریی سەدان هەزار کەس پیرۆز دەکرێت.

دەقی پەیامەکە:

نەورۆز بۆ گەلی کوردستان، بەهار و نوێبوونەوە  و ئازادییە، نەورۆز واتای ژیانێکی تازە و موژدەی سەرکەوتنی رووناکی بەسەر تاریکی و زووڵم دەدات. بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە، پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان دەکەم.

پیرۆزبایی نەورۆز لە هەموو رۆڵەکانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەم. پیرۆزبایی لە هەموو ئەو نەتەوانە دەکەم کە نەورۆز بووەتە بەشێک لە کولتوور و دابونەریتیان. لێرەدا دەمەوێت بەگەرمی پیرۆزبایی نەورۆز لە رەوەندی کوردی و لەو ملیۆنان کوردە بکەم کە بە هەستێکی بەرزەوە و دوور لە خاکی نیشتمان جەژنی نەورۆز بەبەرزی رادەگرن و بەهاکانی نەورۆز بە هەموو جیهاندا بڵاودەکەنەوە، پێیان دەڵیم کە ئێوە هەمیشە لە هزر و ویژدانی ئێمەدان. خۆشی و جەژنەکانتان درێژکراوەی خۆشی و جەژنەکانی ئێمەیەز

 جێگەی شانازییە کە دەبینین لە نەورۆزدا ئاڵای ئازادی و شکۆ بەرزدەکەنەوە، زۆر خۆشحاڵم کە لە شاری کۆڵنی وڵاتی ئەڵمانیا ئاهەنگی نەورۆز سازدەکرێت و سۆزی خۆتان بۆ وڵاتەکەتان دووپاتدەکەنەوە. ئێوە دەنگ و رەنگی گەلەکەتانن و دەستخۆشیتان لێدەکەم. لە رۆژی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا بەشانازییەوە جەخت لە فەرهەنگی پێکەوە ژیان و پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان دەکەینەوە. هەر لەو سۆنگەیەشەوە پشتیوانی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە تورکیاین. 

هیوادارین لە کاتێکی نزیکدا بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بکرێت و ئاشتی بە تاکە رێگەی راست و دروستی چارەسەرکردنی کێشەکان دەزانین. هەر لەو بۆنەیەدا بەو هیوایەن کۆتایی بە ئێش و ئازارەکانی کورد لە سووریا بێت. کورد بە هەڵوێستێکی هاوبەش و رێکارێکی ئاشتییانە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی سووریا بگەنە ئەنجامێک کە لە خزمەتی هەموو لایەک دابێت. هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە دەستپێکێک بۆ ئاسوودەیی و خۆشی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی، ئەو نەورۆزە و هەموو جەژنەکانیان لە کامەرانی و ئاشتیدا بەڕی بکەن. ئومێدی ئەوە دەخوازم گەلانی ناوچەکە بتوانن لەژێر سایەی ئارامی و سەقامگیریدا لە کەشێکی ئاشتییانە و برایانە دا بژین. نەورۆزتان پیرۆز، بمێنن بەخێر و خۆشی. 

مەسعود بارزانی 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار