ئیمامئۆغڵو وتەى لێوەرگیراو هەموو تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە

2 هەفتە لەمەوپێش



 

سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، ئێوارەى ئەمڕۆ براوەتە بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى ئیستەنبووڵ و لەلایەن چەند ئەفسەرێکەوە وتەى لێوەرگیراوە لەسەر ئەو دۆسیانەى کە دەستگیرکراوە، بەڵام ئەکرەم ئیمامئۆغڵو هەموو تۆمەتەکانى ڕەتکردوەتەوە.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025 لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئیستەنبووڵ دەستگیرکرا.

لەسێیەم ڕۆژى دەستگیکردنیدا وتەى لێوەرگیراوە، دواى تەواوبونى وتەکانیشى داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بەڕۆژنامەنوسانى ڕایگەیاند، سبەی کاتژمێر نۆى بەیانى بەکاتى تورکیا ئیمامئۆغڵو ڕەوانەی دادگا دەکرێت.

لەلایەکى دیکەوە، لە پارێزگاکانی ئەنقەرە و ئیزمیر بۆ ماوەی پێنج رۆژ چالاکییەکانی وەک، گردبوونەوە، خۆپێشاندان و کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی قەدەخە کران.
 
هەردوو پارێزگەی ئەنقەرە و ئیزمیر رۆژی هەینی، 21ـی ئاداری 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایانگەیاند، ''بەمەبەستی پاراستنی دۆخی گشتی و رێگریکردن لە هەر کارێکی تێکدەرانە لە سەرتاسەری پارێزگاکە، لە رۆژی 21ـی ئاداری 2025ـەوە تاوەکو  25ـی ئاداری 2025 هەموو جۆرە گردبوونەوە، خۆپێشاندان و کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی قەدەخە کراوە".

یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025 لە گوتارێکیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ کراون، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی ''هاوکاریکردنی ریکخراوی تیرۆریستی و گەندەڵیی دارایی'' دەستگیرکراوە.
 
بە گوتەی وەزیری دادی تورکیا، هەر لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانە دا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 105 کەسی دیکەش دراوە. تاوەکو ئێستا 87 کەسیان دەستگیرکراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار