مەسرور بارزانی و مایکڵ واڵتز بەتەلەفۆن قسەیانکردووە

یەک هەفتە لەمەوپێش
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە بە زووترین کات نەوتی کوردستان هەناردە بکرێتەوە و حکومەتی نوێیش لە هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت.
بەپێی راگەیێندراوێک کە ئەمڕۆ هەینی 21ی ئاداری 2025 حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مایکڵ واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر پێویستیی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە نزیکترین کاتدا.
دەقى ڕاگەیەندراوەکەى حکومەتى هەرێم
ئەمڕۆ هەینی 21ی ئادار، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مایکل واڵتز ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
سەرۆکی حکومەت و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەمەریکا کرد.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لە زووترین کاتدا. هەروەها دووپاتیان کردەوە کە پێویستە لە نزیکترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پێشهات و گۆڕانکارییە خێراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگی پاراستنی سەقامگیری ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
