تەقە لە کونسوڵخانەی عێراق کراوە لە ئەستەنبوڵ

2 هەفتە لەمەوپێش
ئەمشەو وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند چەند چەکدارێک تەقەیان لە کونسوڵخانەی عێراق لە ئیستەنبوڵ کردووە، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن.
وەزارەتەکە دەڵێت: کاتژمێر 9:00ی شەوی هەینی، تەقەکراوە لە بینای کونسوڵخانەی عێراق لە ئەستەنبوڵ لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کە ماتۆڕسکیلێکیان پێبووە، بەپێى ڕاگەیەندراوەکە ئەوانەى تەقەکەیانکردووە تفەنگی کڵاشینکۆفیان بەکارهێناوە و پێش هەڵاتن هەشت فیشەکیان ئاراستەی ڕووبەری بیناکە کردووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکە، کونسوڵی گشتی عێراق و نوێنەرانی کونسوڵخانەکە بەرەو شوێنەکە ڕۆیشتن بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکان. دەسەڵاتدارانی ئەمنی تورکیا شەقامی دەوروبەری کونسوڵخانەکەیان داخست و دەستیان بە لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان کردوە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی نوێنەری دیپلۆماسی عێراق.
وەزارەتی دەرەوەى عێراق جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە ئەوان بەدواداچوونی بەردەوامی خۆیان دەکەن لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی تورکیا بۆ دڵنیابوون لە ئاشکرابوونی بارودۆخی ڕووداوەکە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو ڕووداوە.
