ڕۆژنامەیەك: پۆلیسى تورکیا توندوتیژیان بەكارهێناوەو دەیان كەس دەستگیركراوە 

2 هەفتە لەمەوپێش



رۆژنامەی "زەمان"ی توركی بڵاویكردووەتەوە، بۆ چوارەمین رۆژ لەسەریەک، هاوڵاتیانی تورکیا لە راپەڕین بەردەوامن، لە دژی بڕیارەکەی حکومەت بۆ دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ، لە شارو ناوچە جیاوازەكانی ئەو وڵاتە.

ئەستەنبوڵ
لە چوارەمین رۆژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ و کاندیدی گریمانەکراوی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، سەدان هەزار هاوڵاتی سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، لە گۆڕەپانی ساراچانی ئەستەنبوڵ کۆبونەوە.
ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) لە وتارێكدا رایگەیاند، ئەگەر سبەی بێزارمان بکەن، ئەوا لە تەقسیم دەبین.
بەوتەی سەرچاوەكە لەكاتی قسەكانی ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی جەهەپە لە ساراچان، هێزەكانی پۆلیس، غازی بیبەریان دژی خۆپیشاندەران بەکارهێناوە.

ئەنكەرە
لە ناو زانکۆی هاجیتیبی، خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو.
خوێندکاران لە بەیاننامە رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: هێرشێکی هەمەلایەنە هەیە بۆ سەر بنەما دیموکراسیەکان، تورکیا لە مەترسی نغرۆبوندایە لە تاریكی، لەسایەی بە كەسیكردنی دەسەڵاتی دەوڵەت، کە یاسا و كاری دەستوری بۆ هەڵبژاردن هەڵوەشاندووەتەوە.

ئیزمیر
پۆلیس غازی بیبەری رشاندووە بە خوێندکارانی زانکۆی (٩)ئەیلول، کە ناڕەزایەتیان دەربڕیووە بەرامبەر دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئەستەنبوڵ، دوای ئەوەی بڕوانامەی زانكۆكەی لەلایەن دادگاوە هەڵوەشێندرایەوە،  لە کاتی پەلامارەكانی پۆلیس خوێندکارێک بریندار بووە و (10)خوێندکار دەستگیرکراون.

ئێلازیگ
سەدان کەس لە دانیشتوانی ئێلازیگ لەسەر بانگهێشتی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) لە باڵەخانەی پارێزگاکە کۆبوونەوە، ئۆنور ئۆزکان، سەرۆکی (جەهەپە) لە پارێزگاكە رایگەیاندووە، ئەم خەباتە تەنها خەباتی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو و جەهەپە نییە، ئەم خەباتە خەباتێکە بۆ پاراستنی ئایندەی (٨٦)ملیۆن کەس، ئەمڕۆ ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، جەهەپە و نەتەوە گەورەکەمان کە بە توندی و خۆڕاگرانە دژی ئەو كودەتایە وەستاون.

ریز
لە شاری ریزە، دەیان هاوڵاتی لە شەقامی ئەتاتورک لە قەزای ئەردەسن کۆبونەوەو ڕێپێوانێکیان بۆ پشتیوانی لە ئیمام ئۆغڵو رێکخست.

کۆجایلی
خوێندکارانی زانکۆی کۆجایلی بە وتنەوەی دروشم لەسەر شەقامەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بڕیاری دەستگیرکردنەكە.
خوێندکاران و ئەندامانی (جەهەپە) و پارتی کرێکارانی تورکیا لەسەر شەقامەکە کۆبونەوە، خۆپیشاندەران ویستبویان بە پێ بچنە گۆڕەپانی شارەکە کە نزیکەی کیلۆمەترێک دوورە، بەڵام پۆلیس ڕێگەی بە ڕێپێوانەکە نەداو، خۆپیشاندەران هەوڵی شكاندنی بەربەستی پۆلیسیان دا، لەبەرامبەردا هێزەکانی پۆلیس بە سپرای گازی بیبەر هێرشیان كردە سەر خۆپیشاندەران و (١٤) کەس دەستگیرکران.

دەنیزلی
خوێندکارانی زانکۆی باموکالی ویستیویانە رێپێوانێک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو ئەنجام بدەن، پۆلیس رێگری لە رێپێوانەکە کردووەو ژمارەیەك لە خوێندکاریان دەستگیرکراون، دوای ئەوەی بە گازی بیبەر هێرشیان كراوەتە سەر.

بۆرسا
هەزاران کەس لە شاری بۆرسا لە گۆڕەپانی فۆماراوە تا گۆڕەپانی شار خۆپیشاندانیان کردووە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەی حکومەتی تاک کەسی وردە وردە دەسەڵات لەدەست دەدات، فشارەکانی زیاد دەکات، لێکۆڵینەوەکان لە دژی سیاسەتمەدارە هەڵبژێردراوەکانی جەماوەر و رۆژنامەنوسانی ئۆپۆزسیۆن و هەر کەسێک دەکاتەوە کە بیرکردنەوەی جیاواز هەبێت، یاسا وەك گۆپاڵێك بەکاردەهێنرێت و هەموو دەنگە ناڕازییەکان سەرکوت دەکات.

قۆنیا
دانیشتوانی شاری قۆنیا دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ، خۆپیشاندانیان رێكخست دروشمی "ماف، یاسا، دادپەروەری و دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت"یان بەرزکردەوە.

قارس
لە میانی گردبونەوەیەکی پشتیوانیدا کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی  قارسی جەهەپە ڕێکخرا، پۆلیس سێ كەسی دەستبەسەرکرد، کە دەیانویست پۆستەرێکی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو لە قەڵای قارس هەڵبواسن.

شانلی ئورفا
لە ناوچەی شانلی ئورفا، پارتی گەلی کۆماری رێپێوانێکی بۆ پشتیوانی لە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی دەستبەسەرکراوی ئیستەنبوڵی رێکخست، هاوكات لەناوچەكانی تۆکات، سینۆپ، ئەنقەرە، کرەمان، قەیسەری، غازی عەنتاب، سامسون، کرشەهیر و یۆزگات خۆپیشاندانیان بەڕێوەچوو.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار