وەزارەتى دارایی هەرێم: لیستی مووچەی مانگی سێ کێشەی نییە

2 هەفتە لەمەوپێش
ئەندامێکی شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کاتی وردبینیی لیستی مووچەی مانگی سێ لە وەزارەتى دارایی عێراق، تائێستا هیچ کێشەیەک دروست نەبووە.
دەڵێت، فەرمانبەرانی بەشی ژمێریاریی دارایی عێراق، دوێنێ هەینى دەوامیان کردووە، بۆئەوەى وردبینیی لیستەکە تەواو بکەن، ئێمەش هەر لە بەغدادین هەر پرسیارێکیان لەسەر لیستەکە هەبووبێت بەزووى وەڵاممانداوەنەتەوە، هەرچەندە پرسیاریان کەمە و ئەم مانگە کەمترین تێبینییان لەسەر لیستەکە هەیە.
بەگوتەى ئەو ئەندامەی شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی، وردبینییەکە بەخێرایی دەکرێت و دەڵێت، ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت لە دوو رۆژى داهاتوودا کارەکانی وردبینیی لیستەکە بە پێداچوونەوەی تەیف سامی، وەزیری داراییشەوە تەواودەکرێت.
پێشتر بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى دارایی دەڵێت، چاوەڕوانین رۆژى سێشەممە یان چوارشەممە بەغداد مووچە بنێرێت، ئەو ئەندامى شاندى داراییش لە بەغداد هەمان چاوەڕوانی هەیە و دەڵێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە دوو رۆژەدا تەمویلی مووچەی مانگی سێ دەکرێت.
لە رۆژى چوارشەممەوە شاندى تەکنیکى لە بەغدادن و لیستى مووچەیان داوە بە وەزارەتى دارایی، وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بەنیازە پێش جەژنى رەمەزان مووچە دابەش بکات، ئەگەر ئەم هەفتەیە بەغداد بینێرێت.
