تاران پەیامی گەیاندە میلیشیاكانی عێراق: ئیسرائیل و ئەمریكا توڕە مەكەن

یەک هەفتە لەمەوپێش
رۆژنامەی (الشرق الاوسط) بڵاویکردەوە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان ناوەڕۆکی پەیامێکی ئێرانیان بۆ سەرکردەی گروپە شیعەکان لە عێراق ئاشکرا کردووەو، لە پەیامەکەدا رێنمایی توندی تێدابوو بۆ ئەوەی ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکان تۆڕە نەکەن، هۆشداریشیدراوە لە هێرشكردنە سەر بەغداد هاوشێوەی ئەو هێرشانەی کە گروپی حوسییەکان لە یەمەن كردووەتە ئامانج.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە سەردانێکی ئەم دواییەیدا بۆ عێراق پەیامەکەى ئێرانی گەیاندووە.
قائانی، هۆشداری داوە بە سەرکردەی گروپە چەكدارەكان، هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر حوسییەکان دەتوانێت بە خێرایی وەربگێڕێت بۆ بەغداد.
قائانی، داوای گروپە چەكدارە عێراقیەكان كردووە، لەم قۆناغە هەستیارەدا خۆیان لە ئەنجامدانی هەر چالاکییەکی سەربازی بەدوور بگرن، جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی گرتنەبەری رێوشوێنی زیاتر بۆ راگرتن یان کەمکردنەوەی دیاردەی چەکداری.
فەرماندەیەکی گروپە چەكدارەكانی شیعە رایانگەیاندووە، قائانی رێنمایی توندی سەرکردایەتی ئێرانی گەیاندووەو، داوا دەکات لایەنە عێراقیەکان خۆیان بەدوور بگرن لە هەموو جۆرە ئیستفزازییەک دژ بە ئەمریکیەکان یان ئیسرائیلیەکان، كە رەنگە پریشکێک ببێتە هۆی كردنەوەی بەرەیەک لە دژی عێراق.
لە پێشهاتێکی هاوشێوەدا، سەرچاوەکان ئاشكرایانكردووە، گروپی حوسییەکانی یەمەن بارەگایەکی ستراتیجییان لە گەڕەکێکی ناوەڕاستی بەغداد، لە نزیک ناوچەی سەوز چۆڵ کردووە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو پێگەیە سەرپەرشتی چالاکییە بازرگانی و میدیاییەکانی لە بەغداد کردووە، كە لە دوای هێرشەكەی تۆفانی ئەقساوە چالاكییەكانی زیادی کردووە.
لەگەڵ زیادبونی فشارە نێودەوڵەتییەکان و دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر حوسییەکان، گروپەکە بارەگاکانی بەغدادی داخستووە، لەسەر داوای گروپێكی شیعە، ئەو گروپە وەڵامی داواکارییەكەی داوەتەوەو بارەگاکەیان چۆڵکردووە، دوای ئەوەی دڵنیابون لەوەی کۆدەنگی شیعەکان هەیە بۆ راگرتنی هەر چالاکییەکی ئیستفزازی.
سەرچاوەکان باسیان لەوەشكردووە، رەنگە حوسییەکان دوو بارەگای دیکەیان لە بەغدادو شارێکی دیکەی باشوری عێراق دابخەن، ئەوەش دوای زیادبونی فشارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی.
