سەدان تەرمی کۆمەڵکوژیی ناوچە کەناراوییەکانى سوریا لە نەخۆشخانەکانن

یەک هەفتە لەمەوپێش



 

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایدەکات، تاوەکو ئێستا تەرمی سەدان قوربانیی کۆمەڵکوژیی ناوچە کەناراوییەکان لە ساردکەرەوەی نەخۆشخانەکاندا ماونەتەوە و هەزاران کەسی دیکەش بێسەرشوێنن.

بەگوێرەى روانگەکە، تەرمی سەدان قوربانیی کۆمەڵکوژییەکەی چەند رۆژی رابردوو، لە نەخۆشخانەکانی لازقییە و ناوچە کەناراوییەکانن و نادرێنەوە بە کەسوکارەکانیان.

ئاماژەبەوەشکراوە، تاوانی ناوچە کەناراوییەکانی سووریا، تەنیا بە کوشتن و تاڵانی و راگواستن نەوەستاوە، بەڵکو تاوەکو ئێستاش بەردەوامیی هەیە و سەدان تەرم لەبریی گەڕاندنەوەیان بۆ کەسوکاریان، دەستیان بەسەرداگیراوە و زۆرینەی کاتیش لە گۆڕی بەکۆمەڵدا بەخاک دەسپێردرێن یاخود دەسوتێندرێن.

بەگوێرەى روانگەی سووری، ئامانج لەو رەفتارانە، شاردنەوەی ناسنامەی قوربانییەکان و ئاشکرانەبوونی راستییەکانە، ئەمەش قەبارەى گەورەیی ئەو تاوانانە دەردەخات، بەرامبەر خەڵکی ناوچەکە ئەنجامدراوە.

بەگوێرەى نوێترین ئامارى روانگەی سووری، تاوەکو ئێستا کوژرانی هەزار و 614 هاوڵاتیی سڤیل بەهۆی رووداوەکانی ناوچە کەناراوییەکانەوە تۆمارکراوە، کە رۆژی 6ـی ئەم مانگە دەستیپێکرد و ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی دیکەش بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار