داواكاری گشتی توركیا داوا دەكات ئیمام ئۆغلۆ بە فەرمی دەستگیربكرێت

یەک هەفتە لەمەوپێش
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، داواکاری گشتی تورکیا داوایكرد ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی دەستبەسەرکراوی ئەستەنبوڵ، بە فەرمی دەستگیربكرێت، کە رکابەری دیاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیایە، بە تۆمەتی گەندەڵی و تیرۆر.
چاوەڕوان دەكرێت دادگا بڕیارێك دەربكات لەبارەی ئەگەری ئاڕاستەكردنی تۆمەكان دژی ئیمام ئۆغڵو و راگرتنی تا كاتی دادگاییکردن.
دەستگیرکردنی ئیمام ئۆغڵو لەم هەفتەیەدا گرژییە سیاسییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو لە توركیا توندكردەوەوناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لە سەرانسەری تورکیا لێکەوتەوە، خۆپیشاندەران لە چەند شارێکدا گردبونەوە بۆ دەربڕینی دژایەتی خۆیان.
رۆژنامەی جمهوریەت، دوێنێ بڵاویكردەوە، پۆلیسی تورکیا بۆ ماوەی نزیکەی پێنج کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ ئیمام ئۆغڵو کردووە، ئەوەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی هاوکاریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
رۆژی هەینی رابردوش، بە تۆمەتی گەندەڵی، بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا، سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ لە هەردوو لێکۆڵینەوەکەدا هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە ئاراستەی کراوە.
