فوئاد حسێن: ئەوەی گرووپە چەکدارەکان کردیان زیانی بە عێراق گەیاند

یەک هەفتە لەمەوپێش
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی شەرقییە رایگەیاند، عێراق بەشێک نییە لە بەرەی موقاوەمە و هەر گرووپێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت نایاساییە.
فوئاد حسێن دەڵێ، دەستووری عێراق رێگە نادات هیچ گرووپێکی چەکدار لە دەرەوەی دامەزراوە سەربازییەکانی عێراقدا بوونی هەبێت، رێگەپێدراویش نییە بە بڕیاری تاکلایەنە بڕیاری جەنگ بدرێت.
لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆسەر ئیسرائیل، فوئاد حسێن گوتوویەتی، ئەوەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە چەند مانگی رابردوو ئەنجامیاندا، زیانی بە عێراق گەیاندووە و هیچ سوودێکیشی بۆ دۆزی فەڵەستین نەبوو.
دەشڵێ، دەرفەتێک هەیە بۆ لێکتێگەشتن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان و دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکانی هێرشی ئەمریکی یان ئیسرائیلی بۆسەر عێراق.
وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداریشی داوە، ئەگەر ئێران ببێتە ئامانجی هێرشی ئیسرائیل و رێککەوتن شکست بهێنێت، ئەوا عێراق و ناوچەکدا رووبەڕووی کارەسات دەبنەوە.
