دوای بڕیاری دادگا بۆ دەستگیركردنی ئیمامئۆغلو: چۆك دانادەم

یەک هەفتە لەمەوپێش




ئەكرەم ئیمامئۆغلو سەرۆكی دەستگیركراوی شارەوانی ئیستەنبوڵ، دوای ئەوەی ئەمڕۆ دادگا بڕیاری دەستگیركردنیدا لەچوارچێوەی لێكۆڵینەوە لێی بەتۆمەتی گەندەڵی و پشتیوانی تیرۆر، یەكەم لێدوانی لەبارەی بڕیارەكەوەدا.

ئیمامئۆغلو لە بڵاوكراوەیەكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "ئێكس" نوسیویەتی "پێكەوە بەرەنگاری ئەو گورزە و پەڵە ڕەشە دەبینەوە لە دیموكراسییەكەمان، بەپێوە وەستاوم و چۆك دانادەم".

سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵ داوا لە لایەنگرانی حزبەكەی دەكات "هیوا لەدەست نەدەن و تێكنەشكێن". دەشڵێت "دەست بە دەست ئەو پەڵە ڕەشە ئابڕوبەرە دەسڕینەوە لەسەر دیموكراسییەكەمان، خۆم ڕادەست ناكەم و هەموو شتێك باش دەبێت".

لەلایەن خۆیانەوە پارێزەرانی ئیمامئۆغلو ڕایانگەیاندووە تانە لە بڕیاری زیندانیكردنی دەدەن.

هاوشێوەی ئەكرەم ئیمامئۆغلو سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵ كە بە ڕكابەری سەرسەختی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا دادەنرێت و لە چوارشەممەوە بە تۆمەتی گەندەڵی و پشتیوانیكردنی تیرۆر دەستگیركراوە، ئێوارەی شەممە 90 كەسی دیكەش بە هەمان تۆمەت لەبەردەم دادگای چاغلیان لە ئیستانبوڵ ئامادەبوون.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ داواكاری گشتیی توركیا داوای لە دادگا كرد فەرمانی دەستگیركردن بەشێوەیەكی فەرمی لەسەر ئەكرەم ئیمامئۆغلو سەرۆكی دەستگیركراوی شارەوانی ئیستانبوڵ جێبەجێ بكات.

كاریگەری دەستگیركردنی ئیمامئۆغلو چوار ڕۆژە لە توركیا دەركەوتووە، بەشێوەیەك شەو و ڕۆژ لایەنگرانی پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە" لە سەرشەقامەكانن و خۆپیشداندان دەكەن، بەوهۆیەشەوە گرژی لەنێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران دروستبووە و پۆلیسی توركیا سەدان كەسی دەستگیركردووە.

زۆرێك لە چاودێران پێیان وایە، دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغلو هۆكاری سیاسی لە پشتە، ئامانج لێی دوورخستنەوەیەتی لە پێشبڕكێكی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی داهاتووی توركیا كە بڕیارە ساڵی 2028 بكرێت، بەڵام حكومەت بە سەرۆكایەتی ئاكپارتی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكاتەوە و دەڵێت "دادگاكانی توركیا سەربەخۆن".

دەركردنی بڕیارەكە هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی هەڵبژاردنی ناوخۆیی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی داهاتووی توركیا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار