متمانە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە سەنرایەوە

یەک هەفتە لەمەوپێش




متمانە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە سەنرایەوە

ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، متمانەی لە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە سەندەوە و دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ ئەو پۆستە کردەوە. 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 23-03-2025، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بە ئامادەبوونی 11 ئەندام، بۆ لێپرسینەوە لە عمر کروی، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە.

سەرچاوەیەکى ئاگادار ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە هۆی 'خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەنجوومەن' بە زۆرینەی دەنگ متمانەی لە کروی سەندەوە، چونکە ئەندامان لە وەڵامەکانی ناوبراو بۆ پرسیارەکانیان ناڕازیبوون. 

هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، دوای دوورخستنەوەی کروی، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە کردەوە.  

عمر کرویش دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ڕایگەیاند "بڕیاری دوورخستنەوەم یاسایی نییە و لە دادگا سکاڵە لەسەر دانیشتنی ئەنجوومەنەکە و بڕیارەکە تۆمار دەکەم."

پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 29-10-2024، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە ئامادەبوونی 9 ئەندام کۆبووەوە، تێیدا عومەر کروی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دوورخستەوە.
 
بەگوێرەی رێککەوتن، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە پشکی سوننەیە. عومەر کروی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەن ئەندامی پارتی سیادەیە و نزار لهێبی، سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنەکە لە حیزبی تەقەدوومی محەممەد حەلبووسییە.
 
رۆژی 29ـی 10، نزار لهێبی، سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرۆکی دوورخراوەی ئەنجوومەن بۆ بەرژەوەندیی لایەنی خۆی کاری دەکرد و تاکڕەوانە مامەڵەی دەکرد، بۆیە لە پۆستەکەی دوورمان خستەوە."
 
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە 15 ئەندام پێکهاتووە؛ حەوت سوننە و حەوت شیعە و نوێنەرێکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان. بڕیاردان بە پەنجا کۆ یەک دەبێت، بەوەش پێویستی بۆ نۆ ئەندامە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار