15 ملیۆن کەس دەنگیانداوە بە ئیمامئۆغڵو وەک بەربژێری سەرۆکایەتیی تورکیا

یەک هەفتە لەمەوپێش
جەهەپە، هەڵبژاردنی پێشوەختەی بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆککۆمار کرد. ئۆزگور ئۆزەل دەڵێت، 14 ملیۆن و 850 هەزار کەس دەنگیان بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو داوە.
رۆژی یەکشەممە (23ـی ئاداری 2025) پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە رێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و نێوخۆیی پارتەکەیەوە، بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دیاریکرد. هەڵبژاردنەکە کاژێر 08:00ـی بەیانی دەستیپێکرد و کاژێر 19:00 کۆتاییهات.
تاکە بەربژێری پارتەکە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی دوورخراوەی ئیستەنبووڵ بوو.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لە پێنجەمین رۆژی خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان لە گۆڕەپانی سەراجهانە لەبەردەم باڵەخانەی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵەوە رایگەیاند، جەهەپە خاوەنی یەک ملیۆن و 753 هەزار ئەندامە؛ گوتیشی، یەک ملیۆن و 653 هەزار ئەندام دەنگیان بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو داوە.
ئۆزەل گوتی، هێشتا دەنگی 2 هەزار و 671 سندووق جیانەکراوەتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد ئەو ئەندامانەی دەنگیان داوە لەگەڵ ئەندامانی ''سندووقی هاوپشتیوانی'' پێکەوە 14 ملیۆن و 850 هەزار کەسن، بەو جۆرە 13 ملیۆن و 211 کەس وەک لایەنگر چوونەتە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگیان بە ئیمامئۆغڵو داوە.
سەرۆکی جەهەپە گوتی، حیزبەکەی بەربژێری خۆی دیاریکرد و بە هەموو جیهانی راگەیاند، "داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەین. ئەوە مەیدان، ئێمە لێرەین؛ داوا لە ئاکپارتیش دەکەین بەربژێری خۆیان دیاری بکەن."
لەلایەکی دیکەوە سەلین سایەک بۆکە، سکرتێری جەهەپە رایگەیاند، پێنج هەزار و 600 سندووق لە هەموو تورکیا و باکووری کوردستان دانرابوون.
سەلین سایەک گوتیشی، لە هەڵبژاردنەکەدا هەموو هاووڵاتییانی تورکیا دەیانتوانی دەنگ بدەن، بۆ ئەم مەبەستە سندووق بۆ ئەندامانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دانرابوو و سندووقی دیکەش بە ناوی ''سندووقی هاوپشتیوانی'' دانرابوو کە خەڵکی دیکە دەیتوانی دەنگی لێبدەن.
ئەگەرچی بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردنەکانی تورکیا، تاوەکو ساڵی 2028 هیچ هەڵبژاردنێک ناکرێت، بەڵام جەهەپە دەستی بە ئامادەکاری کردووە و داوا دەکات هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت.
