ئیسرائیل نیگەرانە لە پەرەسەندنی پێگەى سەربازی تورکیا لە سوریا

یەک هەفتە لەمەوپێش
لەژێر رۆشنایی ئەو ڕاپۆرتانەی باس لەهەوڵەكانی ئەنقەرە دەكەن، بۆ زیاتركردنی بوونی سەربازی وڵاتەكە لە سوریا، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی ڕوبەڕووبوونەوەی توركیا لە سوریا دەكات.
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵی ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەرقاڵی گفتوگۆ و ڕاوێژی ئەمنییە، سەبارەت بەو ترسەی سەبارەت بە هەژموونی توركیا لە سوریا هەیە.
بەوتەی سەرچاوەكان، پەیوەندییەكانی توركیا و سوریا سەبارەت بە ڕادەستكردنی ناوچەیەكی نزیك تەدمور لە ناوەڕاستی سوریا بە سوپای توركیا، لەبەرامبەر پشتیوانی ئابوری و سەربازی بۆ دیمەشق، هەروەها جوڵەی چاوەڕوانكراوی توركیا لە تەدمور دوودڵی گەورەی لای ئیسرائیل دروستكردووە.
بەپێی هەواڵێكی پێگەی "والا" ئیدارەی نوێی سوریا هەوڵی گەڕاندنەوەی بنكەی سەربازی و توانای موشەكی و بەرگریی لە باشوری سوریا و نزیك سنورەكانی ئیسرائیل دەدات.
بەپێی هەواڵێكی كەناڵی 12 ی ئیسرائیل، نەتەنیاهۆ لەڕێگەی ڕاوێژكارەكانیەوە داوا لە میدیاكانی وڵاتەكەی دەكات، جەخت لەوە بكەنەوە كە "ڕوبەڕووبوونەوەی نێوان توركیا و ئیسرائیل لە سوریا حەتمییە".
ئەو كەناڵە ئیسرائیلییە ئاماژەی بە ڕاپۆرتێكی لیژنەی حكومی ئیسرائیل كردووە، كە ئامۆژگاری نەتەنیاهۆ دەكات ئامادەبێت بۆ جەنگی چاوەڕوانكراو لەگەڵ توركیا، لەچوارچێوەی ترسی تەلئەبیب لە هاوپەیمانێتی ئەنقەرە و دیمەشق لەدوای ڕووخانی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو.
ئاماژەیەك بۆ نیگەرانی ئیسرائیل لە هەوڵەكانی توركیا ئەوەیە، بەرەبەیانی ئەمرۆ سێشەممە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند دوو بنكەی سەربازییان لە ناوەڕاستی سوریا بۆردومان كردووە كە یەكێكیان دەكەوێتە نزیك تەدمور، لەكاتێكدا پێش چەند ڕۆژێك ئیسرائیل هەمان ئەو شوێنانەی بۆردومان كرد.
ئەو دوو بنكەیەی سوپای ئیسرائیل بۆردومانی كردوون، هەریەك لە بنكەكانی تەیفور و تەدموری سەربازیین كە 50 كیلۆمەتر لە ناوەندی تەدموری سەر بە پارێزگای حومسەوە دوورن.
هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ ڕێگریکردن لە هەژموونی تورکیا لە سوریا لەکاتێکدایە، ئەو وڵاتە بە ئاشکرا پشتیوانی خۆی بۆ دروزەکانی سوریا ڕاگەیاندووە و ناوبەناویش لە زاری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی پشتیوانی بۆ کورد لە سوریا دەردەبڕێت، کە ئەمەش تورکیای نیگەران کردووە.
