لە بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە 23 هاووڵاتی دیکە کوژران
.jpg)
یەک هەفتە لەمەوپێش
بەهۆی بۆردومانەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەڕاست و باشووری غەزە، 23 هاووڵاتی دیکەی فەڵەستینی کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
لە بۆردومانەکانیدا ئیسرائیل ئەو ماڵ و کەمپانەی کردووەتە ئامانج کە ئاوارەکانی تێدان، لە خان یونس لە باشووری کەرتەکە دوو فەڵەستینی کوژران کە یەکێکیان منداڵە، ژمارەیەکی دیکەش لە بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵێک لە ناوچەی قیزان نەجار برینداربوون.
لە ناوچەی حەمەد لە باکووری خان یونس، لە ئەنجامی بۆردومانێک بۆ سەر کەمپێکی ئاوارەکان، سێ فەڵەستینی دیکە کوژران کە لەنێویاندا منداڵێک هەیە، لە بۆردومانێکیی دیکەدا بۆ سەر چوارگۆشەی نیشتەجێبوون لە کەمپی بریج لە ناوەڕاستی غەزە، پێنج فەڵەستینی کوژران و زیاتر لە 20 کەسی دیکەش برینداربوون.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە 18ـی ئەم مانگەوە کە دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر غەزە کردووەتەوە تائیستا زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێلیان کردووەتە ئامانج کە لەلایەن حەماسەوە بەکارهێنراون.
