سەرۆکی پەرلەمان: داوای لێپرسینەوە لە فوئاد حسێن ڕەتدەکەمەوە

3 ڕۆژ لەمەوپێش
لە نێو بەشێک لە شیعەکانی عێراق ناڕەزایی بەرامبەر فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق سەریهەڵداوە، بەڵام مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، ئەگەر پەرلەمانتاران داوای لێپرسینەوە لە فوئاد حسێن بکەن، رەتیدەکاتەوە و ئامادە نییە بیخاتە بەرنامەی کارەوە.
مەشهەدانی لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی عەهد دەڵێت، ئەگەر ناڕەزایی بەرامبەر فوئاد حسێن بەهۆی ئەوەیە وەزیری دەرەوەی سوریای بانگهێشتی بەغداد کردووە، ئەوا پێویستە لێپرسینەوە لە تەواوی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت، چونکە بڕیارەکە بڕیاری حکومەتە نەک تەنها وەزارەتی دەرەوە.
هەروەها مەشهەدانی ستایشی فوئاد حسێن دەکات، پێیوایە وەزیرێکی “لێزان و دەستپاکە” و دەڵێت، باشترین وەزیری دەرەوەی عێراقە، بۆیە ئەگەر داوای لێپرسینەوە بێتە بەردەستی، وەکو سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتەکانی بەکاردەهێنێت و رەتیدەکاتەوە، چونکە پێیوانییە هیچ پاساوێکی یاسایی بۆ بانگهێشتکردنی فوئاد حسێن بۆ پەرلەمان هەبێت.
