ئەمەریکا مەرجى هەڵگرتنى بەشێک لە سزاکان ڕادەستى سوریا دەکات

3 ڕۆژ لەمەوپێش



ئەمریکا لیستی ئەو مەرجانەی ڕادەستی سوریا کردووە کە دەیەوێت دیمەشق جێبەجێی بکات لە بەرامبەر کەمکردنەوەی بەشێک لە سزاکان، ئەمەش بەپێى زانیاریەکانى ئاژانسی ڕۆیتەرز، هەروەها ئەوەشیان ڕاگەیاندوە یەکێک لەمەرجەکات ئەوەیە  دڵنیابن لەوەی بیانییەکان هیچ ڕۆڵێکی باڵایان نابێت لە حوکمڕانیدا.

ئاژانسەکە رۆژى سێشەممە بڵاویکردەوە. ئەمەریکا لیستێکى پێشکەشى سوریا کردووە کە ژمارەیەک مەرجى لەخۆ گرتووە لەبەرانبەر هەڵگرتنى بەشێک لەسزاکانى سەر سوریا، کە بەشێکیان تایبەتن بە دورخستنەوەى چەکدارە بیانییەکان و دۆزینەوەى ئوستن تايس ئەو رۆژنامەنوسە ئەمەریکییەى کە لە ساڵى 2012 ەوە لە سوریا بێسەروشوێنە.

بەپێی ئاژانسەکە، بەرپرسێکى باڵاى ئیدارەى ئەمەریکا چاوى بە وەزیرى دەرەوەى سوریا کەوتووە، لەیەکەم پەیوەندى راستەوخۆى ئیدارەى ترەمپ لەگەڵ دەسەڵاتى نوێی سوریا.

لە نێوان ئەو مەرجانەی ئەمریکا دایناون، لەناوبردنی هەر کۆگایەکی چەکی کیمیایی کە مابێتەوە لەلایەن سوریا و هاوکاریکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە.

ئەمەریکا بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٩ سزای بەسەر سوریادا سەپاند، بەهۆی داگیرکردنی لوبنان و پاڵپشتیکردنی لە حزبوڵڵای لوبنان، دواتر جۆرج بوشى کوڕ سزاکانى قورستر کرد بەهۆی بوونى چەکی کیمیایی قەدەغەکراو، دوای سەرهەڵدانى شەڕی ناوخۆش لە ساڵی ٢٠١١دا جارێکى تر سزاکان فراوانکران.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست ناوەڕاستى ئەم مانگە بڵاویکردەوە، سوریا دابەزینی ئابووری زۆرى بەخۆیەوە بینیوە و ئاسایشی وڵاتەکە لە مەترسیدایە، ئەمەریکا دەتوانێت ئەو وڵاتە ڕزگاربکات کە لە لێواری بوون بە دەوڵەتێکی شکستخواردوودایە، لەڕێگەى هەڵگرتنی سزاکانەوە، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت.

بەپێی رۆژنامەکە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ مانگ لە رووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، تا ئێستاش سوریا لە دۆخێکی نائومێددا ماوەتەوە. چواردە ساڵ شەڕی ناوخۆ ئابووری وڵاتەکەی وێران کردووە، 90%ی خەڵکی سوریا لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و نزیکەی 16.5 ملیۆن کەسیش پشت بە هاوکارییە مرۆییەکان دەبەستن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان.

بەشێک لە چاودێران پێیان وایە، بوونی دەستەى تەحریر شام، لە لیستى تیرۆرى ئەمەریکا و ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە نەبوونى هەڵوێستێکى روونى واشنتۆن بەرانبەر حکومەتی نوێی دیمەشق.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار