حوسییەکان: ئەمریکا 17 هێرشی کردووەتە سەر يەمەن

5 ڕۆژ لەمەوپێش
ماڵپەڕی ئەنساروڵای سەر بە حوسييەکان بڵاویکردەوە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمريکا 17 هێرشیان کردووەتە سەر پارێزگاکانی سەعدە و عەمران لە باکووری رۆژئاوای یەمەن.
ئاژانسی فرانس پرێس لەزاری سەرچاوەيەکی ئەمنييەوە بڵاویکردووەتەوە، "فڕۆکەکانی ئەمريکا 17 هێرشی ئاسمانییان بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای سەعدە دەستپێکردووە، لەوانە دوو هێرش لە رۆژهەڵاتی شارەکە، سێ هێرش بۆ سەر شارۆچکەى سالم، شەش هێرشيش بۆ سەر شارۆچکەى سەحەر، سەرجەم هێرشەکانیش زیانی ماددییان بە ماڵ و سامانی هاوڵاتییان گەیاندووە".
لە 15ـی ئازارەوە ئەمریکا هێرشی چڕی بۆ سەر حوسییەکان دەستپێکردووە، لە بەرامبەردا ئەو گرووپە وەڵامیان داوەتەوە و چەند جارێک کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکییان لە دەریای سوور کردووەتە ئامانج.
لەو ماوەيەدا ئەمریکا چەندین هێرشی ئاسمانی بۆسەر حوسييەکان ئەنجامداوە و بانگەشەی ئەوە دەکات بەرپرسانی باڵای ئەو بزووتنەوەیە کراونەتە ئامانج، هاوکات بزووتنەوەکە کوژرانی 53 کەسی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا راگەیاندووە.
هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەى لەناوبردنى حوسييەکان کرد، بە گوتەی ترەمپ، حوسییەکان لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هۆشداريشيدا بە تاران لە بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی ئەو گرووپە.
