ڕەنگە بۆ جەژن کەسوکاری ئۆجالان سەردانی ئیمراڵی بکەن

5 ڕۆژ لەمەوپێش
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، لەلایەن کەسوکاری عەبدوڵا ئۆجالانەوە داواکاری پێشکەشکراوە تاوەکو سەردانی ئیمراڵی بکەن، راشیگەیاند لەئێستادا هەڵسەنگاندن بۆ داواکارییەکە دەکەن.
بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەى تی 24، یڵماز تونچ وەزیری دادی تورکیا رایگەیاندووە، هێشتا وادەى چوارەم دیداری شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجالان دیار نییە.
راشیگەیاندووە، بەگوێرەى یاساکانى وڵاتەکەی، هەڵسەنگاندن بۆ داواکاریی کەسوکاری ئۆجالان دەکەن کە رەنگە لە جەژندا سەردانی دوورگەى ئیمراڵی بکەن.
لە چەند مانگی رابردوودا، عومەر ئۆجالان برازای عەبدوڵا ئۆجالان سەرۆکی پەکەکە، سەردانی دوورگەى ئیمراڵی کردبوو.
لە ماوەی رابردوودا کەسوکار و پارێزەرانی ئۆجالان سەدان داواکارییان پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار کردووە بۆ ئەوەى سەردانی ئۆجالان بکەن، بەڵام داواکەیان رەتکراوەتەوە، دواجاریش لە 2015 بوو رێگەدرا کەسوکار و پارێزەرانی ئۆجالان سەردانی دوورگەى ئیمراڵی بکەن.
