بۆ یەکەمجارە لەسێ ڕۆژدا و لەمانگێکدا دوو موچە دابەشدەکرێت
.png)
5 ڕۆژ لەمەوپێش
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی سێی ڕاگەیاند و بڕیارە بە سێ ڕۆژیش تەواوی مووچەخۆران مووچەکانیان وەربگرن.
لیستی مووچەی مانگی شوبات، 12ـی ئەم مانگە بڵاوکرایەوە 18ـی مانگ کۆتایی بە دابەشکردنی هات. واتا بە مووچەی مانگی ئادارەوە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەم مانگە دوو مووچەیان وەردەگرن.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئاداری راگەیاند، بەگوێرەی لیستەکە لە ماوەی سێ رۆژ دا مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشدەکرێت.
بەگوێرەی لیستەکە، دابەشکردنی مووچە، سبەی (پێنجشەممە، 27-03-2025) بە خانەنشینانی شارستانی دەستپێدەکات و رۆژی شەممە 29-03-2025 بە هێزی زێرەڤانی و فەرماندەیی فریاکەوتن کۆتایی دێت.
لەبارەی کاتی دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست، عەلی رەئووف، نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست رایگەیاند، رۆژی شەممە، مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەشدەکرێت و پێش جەژن مووچە وەردەگرن.
بەپێی ڕاگەیێنراوی وەزارەتی دارایی، ئەو مووچەخۆرانەی لە ڕێی پرۆژەی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن ڕاستەوخۆ پارە دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان و لەڕێگەی کورتەنامەوە ئاگادار دەکرێنەوە و ئەو مووچەخۆرانەی بەشێوەی كاش مووچە وەردەگرن، دوای گواستنەوەی پارە بۆ بانكەكان لە كەمترین ماوەدا ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی مووچەكانیان دەكرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند: بڕی 954 ملیار و 880 ملیۆن و 467 هەزار و 779 دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق و سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار دەکرێت.
