سەنتەری میترۆ: سانسۆر بۆ شاردنەوەی زانیاری رەتدەكەینەوە

4 ڕۆژ لەمەوپێش



 

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت: دەزگای حكومی، كاری ئەوە نییە ئەوە دەستنیشان بكات كام رووداوە بەهای هەواڵی تێدایە، یان ببێتە هۆی كۆتوبەند كردنی میدیاكان لە گەیشتن بە راستی رووداوەكانی یان شاردنەوەی زانیاری لەسەر رێژەی كوشتن لەناو كۆمەڵگادا بە هەر هۆكارێك بن.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی کردن لە مافی رۆژنامەنووسان بڵاوی کردەوە: رووداوەكانی كوشتن سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا راكێشاوە، مشتومڕێكی بەرفراوانی دروستكردوە لەبری قسەكردن لەسەر باشترین ڕێگاكانی رووماڵكردنی تاوان كە رێز لە ئەخلاق و ڕێسا و میساقەكانی پیشەكە بگرێت، قسە هاتە سەر كۆتوبەندكردن.

رۆژی 26ـی ئاداری 2025، فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی، بە نوسراوێك كە بۆ بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی ناردوە، ئاماژەی بەوەکردووە ناکرێت، چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكاری تاوانلێكراو بكرێت" بە  پێچەوانەی دەقی مادەی (236) برگە  1 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ـی ساڵی 1969 هەمواركراو کە لە هەرێمی کوردستان بەرکارە.

ئاماژەی بەوەشکردووە: هەر حاڵەتێك بچێتە خانەی پێشێلكردنی یاسا و رێساكان لە لایەن دەستەی مافی گشتی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی رێكاری یاسایی لە بەرامبەر دەگرینەبەر و داوایكردوە سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن پابەندبكرێن كە خۆیان بەدووربگرن لە روماڵكردنی ئەو جۆرە هەواڵانە رەچاوی یاساو رێنماییەكان بكەن، ئەگەر پابەند نەبن رێكاری یاساییی دەگرێنە بەر.

لەوبارەیەوە سەنتەری میترۆ رایگەیاندوە: لەگەڵ ئەوەدا نیین میدیا بچێتە ناو هەندێک وردەكاریی تاوانەكان كە كاریگەرییان لەسەر رێڕەوەی لێكوڵینەوەكاندا هەیە یان شێوازی روماڵكردنەكەی ببێتە مایەی هاندانی توندوتیژی یان كاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی خێزانی قوربانییەكە هەبێت، یان تایبەتمەندی قوربانییەكە پێشێل بكات، یان لە بری دادگاكان حوكم بدات.

جەخت دەکاتەوە کە: دەزگای حكومی، كاری ئەوە نییە كە ئەوە دیاری بكات كام رووداوە بەهای هەواڵی تێدایە، یان ببێتە هۆی كۆتوبەند كردنی میدیاكان لە گەیشتن بە راستی رووداوەكانی یان شاردنەوەی زانیاری لەسەر رێژەی كوشتن لەناو كۆمەڵگادا بە هەر هۆكارێك بن.

لە راگەیەندراوەکەیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی ئاداری 2025 بڵاوی کردوەتەوە، سەنتەری میترۆ رایگەیاندوە: تێدەگەین كە لە پرسی روماڵی تاواندا، هەندێ دەزگای میدیا لە پێودانگەی پیشەیی و ئەخلاق و رێسای رەفتاری پیشەكە لایداوە، بەڵام نابێت ببێتە هۆكارێك كە رینمایی لایەنێكی رەسمی ببێتە جێگرەوەی یاسا.

راگەیەندراوەکەی سەنتەری میترۆ دوای ئەوەهات کە دوێنێ چوارشەممە، فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی، لە نوسراوێكدا كە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری كردووە ئاماژەى بەوەکردووە، لەكاتێكدا دادگاو لایەنە پەیوەندارەكان سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیاری و لێكۆڵینەوەن لە هەر تاوانێكی كوشتن كە روودەدات، بەبێ‌ رەچاوكردنی ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی و یاسا كارپێكراوەكان، ئەو جۆرە تاوان و روداوانە دەكرێنە هەواڵی بەپەلەو زانیاری ناڕاست و بێ‌ بنەما بڵاودەکرێنەوە.

دەشڵێت: لە دەزگاکانى راگەیاندن، لێكدانەوەی نایاسایی و نادروست بۆ روداوەكان دەکرێت و چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكاری كوژراو دەکرێت، ئەوەش كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر باری دەروونی هاوڵاتییان، بەتایبەت هەرزەكاران و بەلاڕێدابردنی رەوتی لێكۆڵینەوەكان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار