زێلێنسکی: ڕووسیا دەیەوێت جەنگ بەردەوامبێت و ئاشتیی ناوێت

4 ڕۆژ لەمەوپێش



 

سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت: ڕووسیا ئامانجییتی جەنگەکە درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی خاکی زیاتر لە ئۆکرانیا داگیر بکات و بە وڵاتەکەیەوە بلکێنێت. لای خۆیەوە ماکرۆن گوتی: لووتکەی پاریس بەردەوامی ناردنی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا دووپات کردەوە.

پێنجشەممە 27ـی ئاداری 2025، لووتکەی پاریس لە کۆشکی ئەلیزێ، بە ئامادەبوونی نزیکەی 30 سەرکردە و سەرۆکی وڵاتان بەڕێوەچوو، لووتکەکە تایبەت بوو بە ڕێگەکانی پشتیوانییکردنی ئۆکرانیا لە ڕووی سەربازیی و سیاسی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیا، بە تایبەتی لەژێر ڕۆشنایی کەمبوونەوەی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ کیێڤ.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە گوتارێکدا لە لووتکەی پاریس ئاماژەی بەوە دا، لێکۆڵینەوە لە پێشنیازەکان دەکەین سەبارەت بە چۆنیەتی چاودێریکردنی ئاگربەستی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، جەختی لەوەش کردەوە، لووتکەی پاریس بەردەوامی ناردنی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ کیێڤ دووپات کردەوە.

باسی لەوەش کرد، هەڵگرتنی سزاکانی سەر ڕووسیا لە کاتێکی وەک ئێستا، لە ڕووی دیپلۆماسییەوە کارەساتێکی گەورەیە. گوتیشی: پارە بلۆککراوەکانی ڕووسیا بە نزیکەی 248 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، کە دەبێت لە داهاتوو بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە بەکار بهێندرێت لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاشتیدا.

لەلایەکی دیکەوە ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ڕایگەیاند: هەڵگرتنی سزاکانی سەر ڕووسیا لەم کاتەدا هەڵەیەکی گەورەیە. جەختی لەوەش کردەوە، هەڵگرتنی سزاکان هیچ سوودێکی نابێت بەر لەوەی ئاشتی ڕاستەقینە لە ئۆکرانیا بەدی بهێنرێت.

لای خۆیەوە، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک لە لووتکەی پاریسدا، گوتی: پشتگیری هەڵگرتنی سزاکانی سەر ڕووسیا ناکەم و هێشتا زووە بۆ ئەو کارە.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، لە لووتکەی پاریس ڕێککەوتنێک هەیە بۆ هەڵنەگرتنی سزاکانی سەر ڕووسیا.

هەر لە لووتکەکەدا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گوتی: ڕووسیا ئامانجییتی جەنگەکە درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی خاکی ئۆکرانیا زیاتر داگیر بکات و بە وڵاتەکەیەوە بلکێنێت. جەختی لەوەش کردەوە، ڕووسیا ئاشتیی ناوێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار