لەسەر داوای تۆپی پێی عێراق نەورۆز چوونەژوورەوەی هاندەران دەکات بە بلیت

3 ڕۆژ لەمەوپێش
لەسەر داوای یەکێتی تۆپی پێی عێراق، یانەی نەورۆز لە یاریی داهاتووەوە چوونەژوورەوەی هاندەران دەکات بە پارە، بەڵام یانەکە پارەیەکى رەمزى لە هاندەران وەردەگرێت.
لەو ژمارە یاریەی کە یانەی نەورۆز ماویەتی و لە یاریگای خۆی یاری دەکات، هاندەر بە بلیت دەچێتە یاریگا نێودەوڵەتیەکەی نەورۆزەوە، ئەوەش لەسەر داوای یەکیتی تۆپی پێی عیراق بۆ کەمکردنەوەی پشێوی و رووداوە نەخوازراوەکانی ناو یاریگا، چونکە یاریگاکە جێگەی 15 هەزار هاندەر دەبێتەوە، بەڵام لە هەموو یاریەکاندا سەروو 20 هەزار هاندەر ئامادە دەبن.
هێرش کەمال جێگری سەرۆکی یانەی نەورۆز دەڵێت، یەکیتی تۆپی پێی عیراق فشاری لە یانەکەیان کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی یاریگا و باش بەڕێوەچوونی یاریەکان دەبێت هاتنەژوورەوەی هاندەر بکرێت بە پارە.
دەشڵێت، ئەم بڕیارە دوای ئەوەهات لەدواین یاری نەورۆز بەرامبەر قوەجەویە، زیاتر لە 25 هەزار هاندەر ئامادەی یارییەکە بوون، بۆیە سەرپەرشتیاری یاریەکە ئەوەی وتبوو ناتوانێت یاریەکە بە باشی بەڕێوەبەرێت، چونکە هاندەرێکی زۆر لە یاریگاکەدایە و ناتوانرێت وەک پێویست کۆنترۆڵ بکرێت.
جێگری سەرۆکی یانەی نەورۆز ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە کورسیییە ڤی ئای پییەکان، هەموو کورسییەکانی دیکەی ناو یاریگا هەمان نرخ دەبێت.
ئەوەش لەدوای ئەوەدێت کە لە ماوەی رابردوودا، دەستەی هاندەرانی یانەی نەورۆز لەو بارەیەوە راپرسییەکی کردبوو، کە زۆربەی هاندەرانی یانەکە و وەرزشکاران لەگەڵ ئەوەدابوون چوونەژوورەوە بۆ ناو یاریگاکە بکرێت بە بلیت.
