کەشناسیی عێراق پێشبینی بارانبارین لە رۆژانی جەژندا دەکات

3 ڕۆژ لەمەوپێش
کەشناسیی عێراق پێشبینی بارینی نمەباران لە رۆژانی جەژن دەکات، بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستانیش، لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر و دهۆک نمەباران دەبارێت.
ئەمڕۆ هەینى 28ـی ئادارى 2025، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ڕاگەیاند، "بەگوێرەی پێشبینییەکانمان لە سبەی شەممەوە، لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و باشووری عێراق ئەگەری بارینی نمەباران و دابەزینی پلەکانی گەرما هەیە."
عامر جابری گوتی، "لە رۆژی یەکشەممەوە ئاسمانی وڵات هەوری تەواو دەبێت و بارانی پچڕ پچڕ لە بەشێکی زۆری عێراق و هەرێمی کوردستان دەبارێت. شەپۆلەکەش تاوەکو ئێوارەی رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت."
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لە ناوچە سنوورییەکانى پارێزگاى هەولێریش هەندێکجار دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، سبەی شەممە، لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکانى هەردوو پارێزگاى هەولێر و دهۆک هەندێک کات هەورى تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمەباران.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی دەلێت: پێشبینی دهكرێت له ئێوارەی رۆژی شەممە تاوەکو درەنگی شهوی یهكشەممە، شهپۆلێكی نمەبارانی بههارە و ههوره بروسكه ناوچهكانی ههرێمی کوردستان بگرێتهوه و به بڕی جیاواز باران ببارێت."
بە گوتەی محەممەد کەمال، لهرۆژی دووی مانگی داهاتووەوە ئەگەری شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەیە، هەروەها خێرایی لە 27 بۆ 35 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت.
