ئەردۆغان: تورکیا پشتیوانی لە تێكەڵكردنی هەسەدە دەکات لە ئیدارەی سوريا

3 ڕۆژ لەمەوپێش
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادمیر پوتین، سەرۆكی روسیا، رایگەیاند، وڵاتەكەی پشتیوانی لە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەو تێكەڵكردنی بە حكومەتی ناوەندیی سوریا دەكات.
بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، ئەمڕۆ هەینی، ئەردۆغان و پوتین لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا تاوتوێی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان وڵاتەكانیان و چەند پرسێكی ناوچەكە و جیهانیان كردوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەردۆغان وتویەتی، توركیا گرنگییەكی زۆر بە هەماهەنگیكردن لەگەڵ روسیا دەدات لەبارەی پرسی سوریاوەو ئاماژەی بەوەشداوە كە گرنگە توركیاو روسیا پێكەوە كاربكەن لەپێناو مسۆگەركردنی هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیریی هەمیشەیی لە سوریا لەسەر بنەمای یەكپارچەیی خاكی ئەو وڵاتە و دەشتوانن پێكەوە كاربكەن لەدژی ئەو هەوڵانەی كە دەدرێن بۆ پەكخستنی یەكێتی سوریا و دەستوپەنجە نەرمكردن لەگەڵ جیاكاری ئەتنیكی و تائیفی و هەروەك دەشتوانن پێكەوە كاربكەن بۆ هەڵگرتنی سزاكانی سەر سوریا بەتەواوەتی.
ئەردۆغان جەختیشی كردۆتەوە كە دەبێت سەرچاوەكانی سوریا بەدەست حكومەتی سوریاوە بن و توركیاش پشتیوانی هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە و تێكەڵكردنیان بە ئیدارەی ناوەندیی سوریا دەكات و گرنگترین شتیش بەقسەی ئەردۆغان بۆ سەقامگیری سوریا ئەوەیە رێگەبگیرێت لەوەی سوریا بكرێتە "ناوچەیەكی لەبار بۆ رێكخراوە تیرۆریستییەكان."
لە بەشێكی دیكەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا تاوتوێی پرسی كۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆكرانیا كراوەو لەوبارەیەوە ئەردۆغان وتویەتی، توركیا لە نزیكەوە چاودێری پڕۆسەی كۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان روسیاو ئۆكرانیا دەكات و ئامادەیە بۆ هەر جۆرە پشتیوانییەكی پڕۆسەكە لەوانەش میوانداریكردنی دانوستانەكانی ئاشتی نێوان هەردو وڵات.
ئاسایشی هاتوچۆی كەشتییەكان لە دەریای رەش یەكێكی تر بوە لەو پرسانەی كە پوتین و ئەردۆغان تاوتوێیان كردوە، ئەردۆغان لەوبارەیەوە وتویەتی، توركیا بەردەوام دەبێت لەسەر رۆڵی خۆی بۆ رێگریی لەوەی كە دەریای رەش ببێتە ناوچەیەكی ململانێ و شەڕ.
