وەزیرى کارەباى عێراق: هاوینێکی گەرم چاوەڕێمان دەکات

3 ڕۆژ لەمەوپێش



 

وەزیری کارەبای عێراق، ڕایگەیاند، ئەگەر سزاکانی ئەمەریکا هاوردەکردنی غازی ئێران بگرێتەوە، ئەوا تووشی هاوینێکی تاقەت پڕوکێن دەبین.

زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق ئەمڕۆ هەینی، 28ـی ئاداری 2025، لە لێدوانێکدا گوتی: "سزاکانی ئەمەریکا هاوردەکردنی کارەبای عێراق لە ئێران دەگرێتەوە، بەڵام سەبارەت بە غاز ڕوون نییە"، ئاماژەی بەوەش کرد "ئەگەر سزاکانی ئەمەریکا هاوردەکردنی غازیش بگرێتەوە، تووشی هاوینێکی گەرم دەبین."

وەزیرەکەی کارەبا باسی لەوەش کرد، "تا ئێستا لە واشنتن گفتوگۆکان سەبارەت بە هاوردەکردنی غازی ئێرانی بۆ عێراق بەردەوامە".

عەدنان جابری، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمان، پێشتر ڕایگەیاندبوو "ئەو غازەی لە کێڵگە عێراقییەکانەوە بەرهەم دێت، 60%ی خواستی ناوخۆ پڕناکاتەوە، هەر بۆیە دەبێت حکوومەت کار بۆ ئەوەی بکات ئەمەریکا ڕێگەمان پێ بدات غاز و کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە بکەین."

سەبارەت بە هاتنی وەرزی هاوین، جابری گوتی، "دەزگا حکوومییەکان کار لەسەر چارەسەرکردنی کەمی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا دەکەن."

عێراق بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا، پشت بە غازی ئێران دەبەستێت، کە وەزارەتی کارەبا ڕۆژانە بڕی 40 بۆ 50 ملیۆن مەتر سێجا غاز هاوردە دەکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار