10 پەرلەمانتاری كوردستان بڕوانامەی ناوەندی و ئامادەییان هەیە
.png)
3 ڕۆژ لەمەوپێش
بەپێی بەشێكی دیكەی ئەو ڕاپۆرتەی دوو ڕۆژ لەمەوبەر دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لەبارەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردەوە، دەردەكەوێت لە كۆی 100 ئەندامی پەرلەمانی كوردستان تەنها 27 یان بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرایان هەیە، 10 پەرلەمانتاریش بڕوانامەی ناوەندی و ئامادەیی.
بەپێی ڕاپۆرتەكە 13 پەرلەمانتار دكتۆرا، 14 یان ماستەر، یەكێكیان دكتۆرای باڵا و 55 یان بەكالۆریۆس و حەوتیان دبلۆم و پێنجیان ئامادەیی و پێنجیشیان ناوەندییان تەواوكردووە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە زۆرترین پەرلەمانتاری پارتی دكتۆرایان هەیە كە نۆ كەسن، هەر پێنج بڕوانامە ناوەندییەكەش پەرلەمانتاری پارتین، یەكێتی هیچ پەرلەمانتارێكی خاوەنی دكتۆرا نییە، نەوەی نوێش پەرلەمانتارەكانی نە دكتۆرا و نە ماستەری تێدایە، تاقە پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی هەرێمی كوردستانیش بڕوانامەی ئامادەیی هەیە.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر، دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان راپۆرتی خۆی لە چوارچێوەی پرۆژەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوە و رایگەیاند: ئەو رەوشەی لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا راگوزەراوە پێچەوانەی ئەو هەموو بەڵێنانەیە كە لە لیستەكان لە سەروبەندی بانگەشەدا بە دەنگدەرانیان داوە، ئۆباڵیشی دەكەوێتە ئەستۆی هەردوو هێزی پارتی و یەكێتی بەرپرسیارن لێی.
دامەزراوەی پەی ئاماژەی بەوەكردووە: ئەو هێزانەی بە ئۆپۆزسیۆن ناسراون یەك هەڵوێست نین و دابەش بوون كاریگەرییان بەسەر گۆڕانكارییەكانەوە نییە، هەندێكیان هەڵوێستیان بەرپرسیارانەیە و گوێیان لێ ناگیرێت، هەندێكیان لاوازن، هەندێكیان چاویان لە دەستكەوتە و هەندێكیان یارییەكی قێزەون دەكەن لەنێوان دوو هێزە سەرەكییەكیەكەدا.
بەپێی راپۆرتەكەی پەی؛ دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چوار مانگ بەسەر یەكەم دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، ئەوەی لە دۆخی پەرلەمانی كوردستان گۆڕانی بەسەردا هاتبێت تەنها ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانە لە رۆژی سوێندخواردنیانەوە مووچەیان بۆ بەستراوە و هەریەكە و سێ پاسەوانی بۆ دەستنیشان كراوە خانوو شوقەی نیشتەجێ بونیان بۆ دابین كراوە، تائێستا دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی سێ تێكڕای مووچەی پەرلەمانتاران لەو ماوەیەدا دەگاتە 2.240.700.000 دوو ملیار دوو سەد و چل ملیۆن و حەوت سەد هەزار دینار.
لە راپۆرتەكەدا وردەكاریی زیاتر خراوەتەڕوو، كە تائێستا و دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی سێ، هەر پەرلەمانتارێك كە مووچەی مانگانەی 8.200.000 هەشت ملیۆن و دوو سەد هەزار دینارە، بەڵام لەبەرئەوەی لیژنەكان پێكنەهێنراون، بڕی 500 هەزار دینار دەرماڵەی لیژنەكان وەرناگرن بۆیە موچەی مانگانەیان 7.700.000 حەوت ملیۆن و حەوت سەد هەزار دینارە بووە، بەوپێیەش هەر ئەندامێك تێكڕا نزیكەی 23.100.000 بیست و سێ ملیۆن و 100 هەزار دینار موچەی وەرگرتووە.
ئەو پەرلەمانتارانەشی كە مووچەیان وەرنەگرتووە، تەنها ئەو پەرلەمانتارانەن كە سوێندی یاساییان نەخواردووە، ئەوانیش (عەبدولستار مەجید، عومەر گوڵپی، لاهور شێخ جەنگی).
لەبەشێكی دیكەی راپۆرتی چاودێرییەكەیدا، دامەزراوەی پەی نوسیویەتی: لەبەرامبەر ئەنجامدانی كاری پەرلەمانی كە بریتییە لە ئامادەبوونی دانیشتنەكان و ئەندامێتی لە لیژنە تایبەتمەندەكان و بەشداری لە كۆبونەوەكانی و پابەندبوون بە خۆ تەرخانكردنی تەواو بۆ كاری پەرلەمانی، ئەندام كۆمەڵێك مافی هەیە كە بریتییە لە وەرگرتنی مووچە، بەڵام ئەندامان هیچ كام لەو ئەركانەیان نەبینییوە، نە ئامادەی دانیشتنەكان بوونە، نە لیژنەكان پێكهێنراون تا كاری بەدواداچوونی تێدا بكەن، نە یەك خولەكیش خۆیان بۆ كاری پەرلەمانی تەرخانكردووە، ئەی چۆن دەكرێت مووچە وەربگرن كاتێك یەكەم دانیشتنی سوێندخواردن پووچەڵ بێت.
دامەزراوەی پەی لە راپۆرتەكەیدا نوسیویەتی: پەرلەمانتارانی لە سەروبەندی كاندید بونیان لە بانگەشەی هەڵبژاردن زۆرترین بەڵێنیان بە هاوڵاتیانی دەنگدەردا لە سەروەری یاساوە تا چاك كردنی مووچە و گوزەرانیان، بەڵام دوای سوێندخواردنیان بێدەنگیان هەڵبژاردووە و جگە لە وەرگرتنی ئیمیتیازاتەكانیان هەڵوێستێكیان نەنواندووە كە كاریگەری ئەرێنی هەبێت لەسەر گۆڕینی رەوشەكە، جگە لە چەند ئەندامێك نەبێت كە ژمارەیان كەمە و لە پەنجەكانی دەست تێپەڕناكان و بەشێكیان لێدوانی بەر لە هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیان پێچەوانەی یەكترن.
لەبەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا هاتووە، دواخستنی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی، كاریگەری نەرێنی لەسەر رەوشی هەرێم دەبێت، چونكە تا دەستەی سەرۆكایەتی هەڵنەبژێردرێت، لیژنەكانی پەرلەمان پێكناهێنرێت، رێكارەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ناگیرێتەبەر، كوتلەی بروە دەستنیشان ناكرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ و كابینەی كاربەڕێكەر بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە: لە بۆشایی هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی حكومەتی كاربەڕێكەر درێژەی دەبێت، دوور لە چاوی دەسەڵاتێكی چاودێری و بەردەوامیش دەبێت لەسەركارە نایاساییەكانی، ئەو رەوشە ناهەموارە و پێشێلكارییە یاساییانەش هەموو ئەو لیستانە لێی بەرپرسیران كە لەسەروبەندی هەڵبژاردنەكاندا بانگەشەی سەروەری یاسایان دەكرد.
